کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا و هاوپەیمانەکانی: شیمانە دەکرێت بەهۆی هەڕەشەکانی ڕووسیە شەڕێکی بەربڵاو لە ئورووپا بێتە ئاراوە

11:06 - 1 رەشەمه 2721

لە درێژەی هەڕەشە نیزامییەکانی "ڕووسیە" و چڕبوونەوەی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی "ئۆکراین"، ئامریکا و هاوپەیمانانی سەبارەت بە شیمانەی لێکەوتەی گەورەترین پێکدادانی نیزامی لە ئورووپا هۆشدارییان داوە.

ئامریکا و هاوپەیمانانی وتوویانە، ئەو شەڕە لە کاتی شەڕی دووەمی جیهانییەوە پلانی بۆ داڕێژراوە و داوایان لە "مۆسکۆ" کردووە کە گرژییەکان کەم بکاتەوە.

"جن ساکی" وتەبێژی کۆشکی سپی هۆشداریی داوە کە ڕووسیە هەر کات بیهەوێت دەتوانێت هێرش بکاتە سەر "ئۆکراین" و وتووشیەتی: "جۆ بایدن بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی ئۆکراین، ڕۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەی شورای ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆشکی سپی پێک دەهێنێت".

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بڵاوکردنەوەی هەواڵی میدیاکانی ڕووسیەی لە پەیوەندی لەگەڵ تەقینەوەی ماشینێکی بۆمبڕێژکراو لە "دونتسک" سەر بە ڕۆژهەڵاتی "ئۆکراینـ"ـی ڕەت کردووەتەوە و وتوویەتی: "مۆسکۆ بە پشتبەستنی هەواڵی درۆ خەریکی ڕێگا خۆشکردنە بۆ ئەوەی هێرشەکەی دەست پێ بکات".

هەروەها "بۆریس جانسۆن" سەرۆکوەزیری بریتانیا، لە وتووێژ لەگەڵ "بی‌بی‌سی" ڕایگەیاندووە و هۆشداریی داوە: "ڕووسیە لە ساڵی ١٩٤٥ی زایینییەوە خەریکی داڕشتنی گەڵاڵەیەک بووە بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر ئورووپا".

"جانسۆن" لە درێژەدا باسی لەوەش کردووە: "لە ئێستادا تەواوی هێماکان دەرخەری ئەوەن کە ڕووسیە لە هێندێک شوێن دەستی بە جێبەجێکردنی ئەو گەڵاڵەیە کردووە".