کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا و چەندین وڵاتی ئورووپایی یارمەتیی نیزامیی ئۆکراین دەدەن

11:02 - 8 رەشەمه 2721

دوای چەند ڕۆژ لە هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، چەندین وڵاتی ئورووپایی و ئامریکا ڕایانگەیاند کە یارمەتیی نیزامیی ئۆکراین دەدەن.

وڵاتی ئاڵمان ڕایگەیاندووە، هەزار چەکی دژە تانک و ٥٠٠ مووشەکی زەوی بە ئاسمان بە خێرایی بۆ ئۆکراین دەنێرێت.

''زێلێنسکی'' سەرکۆماری ئۆکراین کە لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەگەڵ خەڵکی ئەو وڵاتە لە پەیوەندیدایە، لە تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: ''سەدر ئەعزەم هەروا بەردەوام بە''.

کۆماری چێک، هولەند و پورتغاڵ لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بوون کە ڕۆژی شەممە چەکوچۆڵ و هێزی یارمەتیدەریان بۆ شەڕ دژی ڕووسیە ڕەوانەی ئۆکراین کرد.

''شارل میشێل'' بەرپرسی شورای یەکیەتیی ئورووپا وتوویەتی، ئەو یەکیەتییە کارئاسانی بۆ ناردنی یارمەتیی نیزامیی بۆ ئۆکراین دەکات.

نووسینگەی ''ئیمانۆئێل ماکرۆن'' سەرکۆماری فەرانسە ڕایگەیاندووە، ئەو وڵاتە کەرەستەی نیزامیی زیاتر بە ئۆکراین دەدات و گەمارۆکان دژی ڕووسیە چڕ دەکاتەوە.

هەروەها ''جۆ بایدن'' سەرکۆماری ئامریکا ڕۆژی هەینی سەرەڕای تەحریمی بەرپرسانی باڵای ڕووسیە، فەرمانی بە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دا تا بڕی ٣٥٠ ملیۆن دۆلار چەکوچۆڵی دیکە بۆ ئۆکراین بنێرێت.

بایدن وتوویەتی کە ڕووسیە بەهۆی دەستدرێژی بۆ سەر ئۆکراین بەهایەکی قورس لە کورتماوە و درێژماوەدا دەدات و جەختی کردەوە: ''ئەو گەمارۆیانەی کە خستوومانەتە سەر ڕووسیە، هەم لە بواری سیاسی هەم لە بواری ئابووری بەربڵاوترین گەرمارۆکان لە مێژوودا بوونە''.