کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا و کوەیت ڕایانگەیاندووە لە بەرانبەر دەستێوەردانەکانی ئێراندا دەوەستینەوە

17:03 - 9 سەرماوەز 2720

نوێنەرانی ئامریکا و کوەیت لە دوای کۆتایی چوارەمین دانیشتنی ستراتیژیکی نێوان دوو وڵات ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و هەروەها جەختیان لەسەر پابەندبوونی دوو وڵات لەسەر جێگیربوونی ئاسایشی ناوچەکە و ڕووبەڕووبونەوەی دەستێوەردانەکانی ئێران کردەوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا ئامریکا و کوەیت لە پێوەندیی لەگەڵ گرینگترین پرسە سیاسییەکانی ناوچە، لەوانه کێشەکانی کەنداو، عێراق، سووریە، لوبنان و ڕێژیمی ئێران باس و ڕاوێژیان کردووە.

هەر دوو وڵات لەم دانیشتنەدا ڕێگاچارەیان بۆ بردنەپێشەوە و سەرکەوتنی پێوەندییەکانیان لە ساڵەکانی داهاتوودا باس کردووە و ڕایانگەیاندووە کە لەسەر ئەو ڕێککەوتنە بەردەوام دەبن.

ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە ناسەقامگیری و تێکدانی ئەمنییەتی وڵاتانی ناوچە و پشتیوانیی ئەو ڕێژیمە لە گرووپە توندڕەوەکان بەردەوام ڕەخنە و ناڕەزایەتی بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە.