کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: وتوویژەکانی بەرجام تەواو بووە و ڕەتکردنەوە یان قەبووڵکردنی پێوەندیی بە ئێرانەوە هەیە

12:55 - 6 گەلاوێژ 2722

''جان کێربی''، ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتێژیکەکانی شۆرای ئەمنییەتی نیشتمانیی کۆشکی سپی، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی گەلاوێژ، ڕایگەیاند: ''وتووێژەکان سەبارەت بە بووژاندنەوەی بەرجام لە هەموو ڕوویەکەوە تەواون و ئێستا ڕێککەوتنەکە لەسەر مێزە و ئەوە پێوەندیی بە ئێرانەوە هەیە کە قەبووڵی بکات یان ڕەتی بکاتەوە'' .

بە وتەی ئەم بەرپرسەی کۆشکی سپی، دەوڵەتی ''جۆ بایدن'' خۆی پێبەند بەوە دەزانێت کە ڕێگە بە ئێران نەدات کە دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات.

ڕۆژی سێشەممە، ''جۆزێپ بۆرێل''، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند کە دەقێکی نوێی بە مەبەستی شکاندنی بنبەستی وتووێژەکان بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام پێشکەش کردووە.

''بۆرێل'' لە دەقێکدا کە لە ڕۆژنامەی ''فایننشاڵ تایمز'' بڵاو بووەتەوە، نووسیویەتی وردەکارییەکانی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان و هەروەها ئەو هەنگاوانەی کە دەبێ بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام هەڵبگیردرێن، دیاری کراوە.

بەپێی زانیارییەكان، ''حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان'' وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ''جۆزێب بورێل'' وتوویەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوازی لە بەردەوامیی ڕێگای دیپلۆماسی و وتووێژ دەكات.

جان کێربی ڕۆژی چوارشەممە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە واشنتۆن لەسەر ئەو باوەڕەیە دیپلۆماسی باشترین ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتی ئێران بە چەکی ناوکی.