کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ئورووپا دەبێت واز لە بازرگانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بهێنێت

12:33 - 1 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: وەزیری ئابووریی فەڕانسە ڕایگەیاندووە، کە ئامریکا گوشارەکانی بۆ سەر ئورووپا بە مەبەستی وازهێنان لە بازرگانیکردن لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا زیاتر کردووە.

ڕۆژی سێشەممە، ۳۱ی بانەمەڕ، برونو لومێر، وەزیری ئابووری و داراییی وڵاتی فەڕانسە ڕایگەیاندووە: کە ئورووپا بە هۆی ڕێژیمی ئێرانەوە، زۆر بە توندی لە ژێر گوشارەکانی ڕاستەوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکادایە و بەرپرسانی ئامریکا ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە، کە دەبیت ئورووپا واز لە بازرگانیکردن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بهێنێت.

برونو لومێر، لەم بارەوە، وێڕای ئاماژەدان بە گوشارەکانی ڕاستەوخۆی بەرپرسانی ئامریکایی بۆ پێشگرتن لە ڕێخستنی ئینستکس، وتوویەتی: "مەبەست لە ئینستکس، ڕێککەوتنێکە لە نێوان ڕێژیمی ئێران و ئورووپادا، بە مەبەستی بازرگانیکردن بەبێ ئەوەی کە پێویستمان بە دۆلار هەبێت. بەڵام لە کاتێکدا کە ئینستکس، بۆ ماوەی چوار مانگە بە فەرمی ڕاگەیەندراوە، تاکوو ئێستا بە شێوەی کردەوەیی بە هیچ ئاکامێک نەگەیشتووە".

وەزیری ئابووری و داراییی فەڕانسە ڕایگەیاندووە، کە گوشارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر بەرپرسانی سیاسی، بەڕێوەبەری و سەرجەم ئەو کەسانەی کە لەم پڕۆژەیەدا چالاکییان هەیە، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کردەوەیی دەبێت.

هەروەها، بە توندی ڕەخنەشی لە ڕێژیمی ئێران گرتووە کە بەردەوام هەڕەشەی چوونەدەرەوەی ڕێککەوتننامەی بەرجام دەکات و ئەوەش بە هۆکاری ئەو هەڵویستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکای زانیوە.

ناوبراو، لە کۆتاییشدا ڕایگەیاندووە، کە ئینستکس، بە بۆنەی ڕێژیمی ئێرانەوە واژۆ نەکراوە، بەڵکوو بۆ سەربەخۆیی ڕاگرتنی ئابووری هەموو ئورووپا پێویستییەکی زەروورە و ئێمە دەمانەوێت، لە پەیوەندی لەگەڵ ئابووری و بازرگانیدا موختار و سەربەخۆ بین، خۆمان ئازادانە بڕیار بدەین کە لەگەڵ کام وڵات پەیوەندی ئابوورییمان هەبێت یان نەمانبێت.

لە ماوەی سەپاندنی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران لە دوو قۆناغی جیاوازدا و لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە، جیا لەوەی کە ئابووریی ڕێژیمی ئێران بەتەواوەتی داڕماوە، زۆربەی کۆمپانیا و وڵاتانی جیهان لە بازاڕەکانی ئێراندا کشانەتەوە و ئەو ڕێژە کەمەش کە بە هەر هۆکارێک ماونەتەوە، بۆ بەجێهێشتنی بازاڕەکانی ڕێژیمی ئێران لە ژێر گوشارێکی زۆری بەرپرسانی ئامریکادان.