کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ئورووپاییەکان لە نێوان ئامریکا و ڕێژیمی ئێراندا، یەکێکیان هەڵبژێرن

13:10 - 8 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: "برایان هووک"، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، ڕوو بە شیرکەتە ئورووپاییەکان ڕایگەیاندووە کە دەبێ لە نێوان ئامریکا و ڕێژیمی ئێراندا، یەکێکیان هەڵبژێرن.

ڕۆژی هەینی، ٧ی پووشپەڕ، "برایان هووک"، نوێنەری وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، لە وتارێکدا لە شاری لەندەنی پێتەختی وڵاتی بریتانیا، ڕوو بە کۆمپانیا ئورووپاییەکان ڕایگەیاندووە کە دەبێ لە ئاڵوگۆڕی و گرێبەستی بازرگانیدا، لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و ڕێژیمی ئێراندا، یەکێکیان هەڵبژێرن.

"برایان هووک"، لە بەشێکی قسەکانیدا، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر هەر کۆمپانیا و وڵاتێک کە نەوتی ئێران بکڕن کارا دەبێتەوە، وتوویەتی: "واشنتۆن لە هەوڵی ئەوەدایە کە پێش بە ڕێژیمی ئێران بگرێت، تاکوو دەستی بە ٥٠ میلیارد دۆلار دارایی نەوتی ڕانەگات".

نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە خەڵکانی ئێران نایانهەوێت کە چەندین میلیارد دۆلار دارایی وڵاتەکەیان بۆ ڕێژیمی "بەشار ئەسەد"، حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپی حەماس، حووسییەکانی یەمەن و میلیشیاکانی عێراق بە فیڕۆ بڕوات، ڕایگەیاندووە: "ئامریکاش ئەو شتەی ناوێت، ئەگەر ئێمە پێشگیری بە پێگە و هەبوونی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی یەمەندا نەکەین، تاران هەوڵی داخستنی تەنگەی "بابولمەندەبـ"ـیش دەدات".

پێشتریش ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە وڵاتانی ئورووپایی کردبوو کە ئەگەر ڕێگاچارەیەک بۆ پێشگرتن لە گەمارۆکانی سەر ئەو ڕێژیمە نەدۆزنەوە، پیتاندنی ئورانیۆمەکەی دەباتە ٣٠٠ کیلۆگرەم و هەڕەشەی هەڵواشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی بەرجامی کردووە.