کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ویزای بە گرووپی کاڕاتەی ئێران نەدا

11:50 - 17 پووشپەڕ 2722

"ئامریکا" بەهۆی هاوکاریی ڕاستەوخۆی یانەی کاڕاتەی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ سپای تێرۆریستی پاسداران  ویزای بە گرووپی کاڕاتە نەدا.

ئەو گرووپەی کاڕاتە دەیهەویست لە کێبڕکێی قارەمانیی جیهانیی کە لە ویلایەتی "ئالاباما"ی ئامریکا بەڕێوە دەچێت بەشداری بکات.

هەواڵدەریی "فاکس نیوز" لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی "ئامریکا" بڵاوی کردووەتەوە کە ڕوانگەی دەوڵەت سەبارەت بە پێنەدانی ویزا بۆ گرووپە وەرزشییەکانی ئێران کە ئەندامەکانی پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ سپا هەیە؛ نەگۆڕاوە.

بە وتەی ڕەخنەگران گرووپە وەرزشییەکانی ئێران پێکهاتوو لە گرووپی کاڕاتە کە دەنێردرێنە دەرەوەی ئێران بە گشتی پڕن لە کەسان و لاینگرانی دامەزراوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لەوانە سپای پاسداران کە هۆکاری کوشتنی ٦٠٠ فەرمانبەری نیزامیی "ئامریکا" لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستن.

بەپێی ڕاپۆرتی "فاکس نیوز"؛ "سەردار پاشایی" سەرپەرەستی پێشووی گرووپی زۆرانبازیی ڕێژیم کە لە دژبەرانی ئەو ڕێژیمە لە وڵاتی "ئامریکا"یە، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی ئەو گرووپە کاڕاتەیەی لەگەڵ سپا ئاشکرا کرد.

"پاشایی" و وەرزشکارانی دیکەی دژبەری ڕیژیمی ئێران داوایان لە دەوڵەتی ئامریکا کردبوو کە هاتنی ئەو گرووپە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا قەدەغە بکات.

"بورلی وولفێر" خۆشکی یەکێک لە کوژراوان بە دەستی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە وتوویەتی: "ئیزندان بەو گرووپە وەرزشییانە و دروشم دژی ئامریکا و واژۆی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ سپا ڕەواییدان بە ڕێژیمی ئێران و زلـلەیەکە کە بە ڕوومەتی بنەماڵەی کوژراوانی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەوێت".