کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: وێڕای ئیسرائیل بەرەنگاری ڕۆڵی تێکدەرانەی سپای پاسدران لە ناوچەکە دەبینەوە

12:08 - 30 خاکەلێوه 2722

یەک ڕۆژ دوای ئەوەیکە ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' هەڕەشەی هێرش بۆ سەر ئیسرائیلی کرد، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا وتی، ئەمنییەتی ئیسرائیل بۆ ئامریکا ''پیرۆزە'' و ئەو وڵاتە وێڕای ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی خۆی لە هەر مکانیزمێکی گونجاو بۆ بەرەنگاری لەگەڵ ڕۆڵی تێکدارانەی سپای پاسدران لە ناوچەکە کەڵک وەردەگرێت.

''نێد پرایس'' وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە کاردانەوە بە قسەکانی ''ڕەئیسی'' ڕێژیمی ئێرانی وەکوو ''گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم'' لە جیهان لە قەڵەم دا.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی ئەرتش لە ئێران وتبووی: ''ئەگەر بچوکترین هەڵەیەک لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕوو بدا، وڵامی ئێمە لە ناوەندی ئیسرائیل دەبێت''.

هەڵویستی ئامریکا لە بابەت ئەوەیەکە ڕێژیمی ئێران بە ''گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهان'' ناو دەبات و ئاماژە بە ناوی سپای پاسدران دەکات لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران هیوادارە لە ڕەوتی وتووێژەکانی ڤییەن، ئامریکا سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان بهێنێتە دەرەوە.

ئامریکا هەتا ئێستا لەگەڵ ئەو داواکارییەی ڕێژیمی ئێران دژایەتی کردووە و ژمارەیەک لە سێناتۆرەکانی ئەو وڵاتە لە نامەیەکدا بۆ ''جۆ بایدن'' سەرکۆماری ئامریکا، هێنانەدەری ناوی سپای پاسدران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانیان بە ''خەیانەت'' بە هاوپەیمانانی واشنتۆن لە ناوچەکە دەزانن.

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیران لەلایەن ''دانڵد ترامپ'' سەرکۆماری پێشووی ئامریکا خرابووە نێو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، بەڵام ئامریکا چەندین ساڵ پێشتر ڕێژیمی ئێرانی خستبووە نێو لیستی وڵاتانی پشتیوانی تێرۆریزم.