کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا، وەزیری ئیتلاعات، فەرماندەکانی هێزی ئینتزامیی خوزستان و بونیادی موستەزعەفانی ڕێژیمی ئێرانی تەحریم کرد

18:16 - 29 خەزەڵوەر 2720

ئامریکا لە درێژەی گوشارە لانیزۆرەکان و هاوکات لەگەڵ ساڵوەگەڕی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨، وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، دوو فەرماندەی هێزی ئینتزامیی پارێزگای خوزستان و چەندین کەس و دامەزراوەی دیکە کە لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ٩٨ دەستیان هەبووە ، تەحریم کرد.

لە بەیانییەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکادا هاتووە کە ''مەحموود عەلەوی'' وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەهۆی ئەوەیکە لە سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو ڕۆڵی هەبووە، خراوەته نێو لیستی ڕەشی گەمارۆکان.

هاوکات ''حەیدەر عەباسزادە'' فەرماندەی هێزی ئینتزامیی خوزستان و ''ڕەزا پایی'' فەرماندەی هێزی ئینتزامیی شاری ''ماهشەهر'' کە لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ لەو شارە لە سەرکوتی خەڵکی ناڕازی ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکان.

هەروەها بونیادی موستەزعەفان یەکێک لە دەوڵەمەندترین دامەزراوەکانی ڕێژیمی ئێران کە لەژێر چاوەدێریی "عەلی خامنەییـ''ـدایە، بەهۆی پشتیوانیی ماڵی لە سەرکوتی خۆپیشاندەران و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن ئامریکاوە تەحریم کراوە.

هەروەها وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ٥٠ کەس و دامەزراوەی دیکەی ڕێژیمی ئێران  خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە کە شیرکەتەکانی نەوت، ڕاگواستن، و کانگاکان لەخۆ دەگرێت.

ئەو گەمارۆیانە لە حاڵێکدایە کە ''ترامپ'' دەیهەوێت لەماوەی دەسەڵاتداریی خۆیدا لە کۆشکی سپی، کە چەند حەوتوویەکی ماوە لافاوێکی نوێی گەمارۆکان بخاتە سەر ڕێژیمی ئێران.