کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا پشتیوانی لە کورد دەکات

11:38 - 1 خەزەڵوەر 2721

"مەسروور بارزانی" سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پێشوازیی لە پرۆژە‌یاسای دوو حیزبی کۆماریخواز و دێموکراتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کرد.

"کریس ڤان هۆلین و مارکۆ ڕۆبییۆ" دوو سێناتۆری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا سەرەڕای ڕێزگرتن لە ئۆپراسیۆنی "نەوای ئارام" پشتیوانیی خۆیان لە کورد دەربڕی.

"مەسروور بارزانی" دەستخۆشیی لە هەڵوێستی دۆستانەی حەوت ئەندامی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا سەبارەت بە پشتگیریکردنی پرۆژەیاسای "نەوا" کرد.

"مەسروور بارزانی" وتوویەتی:  "ئێمە دۆستایەتیی خۆمان لەسەر بنەمای بیر و بۆچوونی هاوبەش داناوە و هیوادارین لە کارەکانماندا هاوئاهەنگیمان هەبێت و لەگەڵ هاوڕێیانمان لە حکوومەت و کۆنگرەی ئامریکادا لەسەر بەهێزترکردنی دۆستایەتییەکەمان بەردەوام بین".

"بارزانی" باسی لە گرینگیی ئۆپراسیۆنی "نەوای ئارام" کرد و وتی، بەهۆی ئەو ئۆپراسیۆنە خەڵکێکی زۆر لە مردن ڕزگاریان بوو.

سی ساڵ لەمەوپێش لە ساڵی ١٩٩١دا ئامریکا و هاوپەیمانانی ڕۆژاوایی لە ئۆپراسیۆنێکی مرۆییدا بە ناوی "نەوای ئارام" بۆ هاوکاریکردنی نەتەوەی کورد لە کوردستانی باشوور و ڕێگریکردن لە هێرش ئاسمانیی فڕۆکەکانی "سەدام حوسێن" بۆ سەر کورد، ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاند.

لەو پڕۆژەیاسایەدا باس لە نەهامەتییەکانی گەلی کورد لە سەردەمی ڕێژیمی بەعس کراوە و تێیدا پێنج داواکاری ئاراستەی کۆنگرەی ئامریکا کراوە.