کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا پشتیوانیی لە کرێکارانی ئێران کرد

12:16 - 27 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، بە نیسبەت داواکاریی کرێکارییەکان لە ئێراندا، پشتیوانیی خۆی دەربڕیوە.

"ڕابێرت پاڵدینۆ" جێگری وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی سەرماوەز، بە نیسبەت دەسبەسەرکردنی کڕێکارانی ناڕازیی شیرکەتی میللی فوولادی ئەهواز، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ڕەخنەی توندی گرت.

ناوبراو لە پەیامێکی تویتێریدا نووسیویەتی: ڕێژیمی ئێران کرێکارانی فوولادی ئەهواز، کە تەنیا داوای مافی خۆیان دەکەن، دەسبەرسەر دەکات. بەداخەوە ڕێژیمی ئێران لەگەڵ خەڵک هەڵسوکەوتی خراپی هەیە.

جێگری وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا جەختی کردووەتەوە، خەڵکی ئێران شایانی ئەوەن لە ژیانێکی خۆش و سەرفرازانەدا بژین.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، ڕۆژی ڕابردوو، لانیکەم ٢٩ کرێکاری فوولادی ئەهواز دەسبەسەر کراون.

کرێکارانی فوولادی ئەهواز، ڕۆژی شەممە، ٢٤ی سەرماوەز، بە وتنەوەی دروشمگەلێک خوازیاری جێبەجێکردنی داواکارییە سێنفییەکانی خۆیان بوون، ئەوان حەوتووی ڕابردوو هەتا ڕۆژی شەممە، دەرفەتیان بە بەرپرسانی ڕێژیم دابوو، هەتا ئەو گرفتە چارەسەر بکەن و لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی ئەم کارەدا ناڕەزایەتییەکان بە شێوەیەکی بەربڵاوتر بەردەوام دەبێت.

کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێران، هاوکاتە لەگەڵ دروشمگەلێک به نێوەڕۆکی یەکگرتنەوەیە، کە ئەمەش بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ سەرکوتی ئەم ناڕەزایەتییانە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە.