کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا پلانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دادەڕێژێت

12:33 - 9 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ئامریکا بۆ بەکردەییکردنی پلانی ئاشتی لە ڕۆژهەلاتی نێوەڕاستدا، بە دوای هاوپەیماندا دەگەڕێت و ئێران بە مامەڵەی "ناسەرکەوتووی سەدە" ناوی لێ دەبات.

"جرێد کۆشنێر"، زاوا و ڕاوێژکاری سەرکۆماری ئامریکا، بە مەبەستی بەدەستهێنانی هاوپەیمانی بۆ "پلانی ئاشتی"، لە نێوان ئیسرائیل و فلستین، سەردانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کرد، کە سپای تێرۆریستی پاسداران، بە "مامەڵەی ناسەرکەوتووی سەدە"، ناوی لێ بردووە.

ڕاوێژکاری "ترامپ" لەو سەفەرەدا لەگەڵ "محەمەد شەشۆم"، پاشای مەراکش و "مەلک عەبدوڵڵا"، پاشای ئۆردۆن، چاوپێکەوتنی کرد و لەسەر ئاکامی ئەو چاوپێکەوتنەدا هیچ زانیارییەکی ئەوتۆ بڵاو نەکراوەتەوە.

دەوترێت کە "مەلەک عەبدوڵڵا"، پاشای ئۆردۆن، جەختی لەسەر ڕێکاری دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فلستین کردووەتەوە.

ڕێکاری دوو دەوڵەت، ڕێکارێکە کە وتراوە "ڕۆژهەڵاتی بەیتولموقەدەس"، وەک پێتەختی فلستین بە فەرمی بناسرێت و ساڵەهایە لە وتووێژە نێونەتەوەییەکاندا ئەم بابەتە وەک ڕێکاری سەرەکی بۆ چارەسەریی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باسی لەسەر دەکرێت.

هاوکات لەگەڵ سەفەری کۆشنێر بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم لە بەیاننامەیەکدا، بە بۆنەی "ڕۆژی قودس"، ئەو پلانەی ڕاویژکاری ترامپی، بە "مامەڵەی ناسەرکەوتووی سەدە" ناو لێ بردووە و وتوویەتی: "نیشانەی نەزانینێکی مودێڕنە." هەروەها هەڕەشەی کردووە کە ئەو پلانە، کە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل کار دەکات، لەگەڵ وڵامی جیددی و پاشگەزکەرەوە ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، خۆی بە خاوەندار و ئەمینداری وڵاتانی ئەو ناوچەیە دەزانێت و لە هەموو کاروبارێکیاندا دەستێوەردان دەکات، کە بە مەبەستنی پەرەپێدانی ئۆتۆریتە و زاڵیەتیی خۆی لە ناوچەکەدا دەیکات.