کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا پێشوازیی لە بڕیارەکەی FATF کرد

12:24 - 9 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، وێڕای دەستخۆشی و پێزانین لەهەمبەر هەڵوێستی ئەم دواییانەی  FATF دژی ڕێژیمی ئێران، داوای لە ئەندامانی ئەم کارگرووپە کرد کە ڕێژیمی ئێران بە بەرپرسی دابینکردنی ماڵیی تێرۆریسم  بزانن.

"مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی خەزەڵوەر، بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک وێڕای دەستخۆشی لە کارگرووپی FATF لەمەڕ زۆرکردنەوەی هەڵوێستەکانی بەرانبەر بە ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاند: "ئێران نەیتوانیوە، کەمکارییەکانی خۆی لە بواری سپیکردنەوەی پارە و هەروەها دابینکردنی ماڵیی تێرۆریسمدا کەم بکاتەوە."

لەم ڕاگەیەنداوەدا باس لەوە کراوە کە FATF هۆشداریی بە ڕێژیمی ئێران داوە کە بەزووترین کات، کۆنوانسیۆنی پالرمۆ و دژایەتی لەگەڵ دابینکردنی ماڵیی تێرۆریسم بە شێوەیەک کە لە ڕاستای ستانداردەکانی FATFدا بێت، پەسەند بکات.

مایک پۆمپێئۆ، وێڕای پاڵپشتی کردن لە بڕیارەکەی FATF، بۆ پاراستنی سیستەمی ماڵیی جیهانی، داوای لەم کارگرووپە کردووە کە ڕێژیمی ئێران  بە بەرپرسی دابینکردنی ماڵیی تێرۆریسم بزانێت.