کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا پێشوازیی لە بە تێرۆریست ناساندنی حیزبوڵڵا لەلایەن "گواتمالا"وە کرد

16:03 - 4 خەزەڵوەر 2720

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە وڵاتەکەی پشتیوانی لە دەوڵەتی گواتمالا بۆ بە تێرۆریست ناساندنی حیزبوڵڵای لوبنان دەکات.

"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاندووە: "ئێمە هەوڵی گواتمالا بۆ بە تێرۆریست ناساندنی حیزبوڵڵای لوبنان بەرز دەنرخێنین".

وەزیری دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی: "ئەو هەوڵەی گواتمالا هەنگاوێکی گرینگە کە یارمەتی دەدات بۆ پچڕانی توانایی حیزبوڵڵا بۆ داڕشتنی هێرشی تێرۆریستی و کۆکردنەوەی پارە لە سەرتاسەری جیهاندا، لەوانە نیوەگۆی ڕۆژئاوا".

وڵاتی "گواتمالا" ڕێکەوت ٢ی خەزەڵوەر، ڕایگەیاندووە کە گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان و سەرتاسەری ڕەوتە گرێدراوەکانی لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکاندا داناوە.

"ئەلخاندرۆ جیاماتی"، سەرکۆماری گواتمالا لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی حیزبوڵڵای لوبنان دەخاتە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانەوە.