کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا پێشوازیی لە وڵاتی لیتۆنی کرد کە حیزبوڵڵای لوبنانی بە تێرۆریست ناساندووە

11:58 - 11 سەرماوەز 2720

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە بەیانییەیەکدا پێشوازیی لە بڕیاری وڵاتی ''لیتۆنی'' کرد کە حیزبوڵڵای لوبنانی بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساندووە و لەو بەیانییەیەدا هاتووە کە هاوکاریی وڵاتانی ئورووپایی لەگەڵ ئامریکا، دەستی حیزبوڵڵا و پشتیوانەکانی لە ئێران لە خاکی ئورووپا کورت دەکاتەوە.

لەو بەیانییەیەدا هاتووە، لیتۆنی لە گەمارۆکانی ئامریکا دژی حیزبوڵڵا پشتیوانیی کردووە و هاتوچۆی کەسانی پێوەندیدار بە حیزبوڵڵا بۆ ئەم وڵاتەی قەدەغە کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا باسی کردووە کە پەیوەستبوونی وڵاتانی ئورووپا، ئامریکای لاتین و شوێنەکانی دیکە بۆ ناساندنی حیزبوڵڵا وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی، دەورەیەکی نوێ نیشان دەدات و یەکیەتیی ئورووپا لەم دەورە نوێیەدا لە حاڵی چارەسەرکردنی هێندێک کێشەیە کە بەهۆی جیاوازیدانان لەنێوان لقی سیاسی و لقی نیزامیی ئەم گرووپە هاتبووە ئاراوە.

ناساندنی حیزبوڵڵا بە گشتی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی، بە مانای ئەوەیە کە لەنێوان لقی سیاسی و لقی نیزامیی ئەو ڕێکخراوەیە هیچ جیاوازییەک نییە.

حیزبوڵڵای لوبنان ساڵی ١٩٨٢ی زایینی لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دامەزرا و هەتا ئێستا لەلایەن چەندین وڵات وەکوو: "ئامریکا، ئیسرائیل، ئاڵمان، سێربستان، لیتوانی و ئێستۆنی" و ئێستا لیتۆنی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسراوە.