کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا پێشی بە ڕەوانەکردنی دەرمان بۆ ئێران نەگرتووە

11:40 - 22 رەشەمه 2719

''ستیو منوچێن''، وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا وتوویەتی، گەمارۆوە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران لەمپەڕ نین لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیراندا.

حەوتووی ڕابردوو، ''محەممەد جەواد زەریف''، وەزیری دەرەوەی ڕێژیم وتبووی، گەمارۆوە نایاساییەکانی ئامریکا سەرچاوە ماددییەکانی لە ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیوە.

ڕێژیمی ئێران چەند جار باسی لەوە کردووە کە ئامریکا پێداویستییە پزیشکی و دەرمانییەکانی خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە، بەڵام ئامریکا ئەو ئیدعایەی ڕەت کردووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە ڕێگەی باڵوێزخانەی ''سوئیس'' بە فەرمی پێشنیاری بە ئێران کردووە کە ئامادەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یارمەتی بەو ڕێژیمە بدات، بەڵام ڕێژیمی ئێران ئەو پێشنیارەی ڕەت کردووەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، یەکیەتیی ئورووپا ٥ ملیۆن یۆرۆ و کۆماری ئازەربایجان ٥ ملیۆن دۆلار یارمەتییان گەیاندووەتە ئێران.

هاوکات چین و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهان کەرەستەی پزیشکی و دەرمانییان ڕەوانەی ئێران کردووە.