کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: پێڕەوانی ئایینە جیاوازەکان لە ئێراندا سەرکوت دەکرێن

12:09 - 11 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە بارەی دۆخی ئازادیی مەزهەب لە جیهاندا رایگەیاند دۆخی ئازادیی لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینیدا لە وڵاتی ئێران خراپتر بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە بارەی دۆخی ئازادیی مەزهەب لە جیهاندا، کە ڕۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٠ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی بڵاوی بووەتەوە، دۆخی ئازادیی ئایین و مەزهەب، لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێراندا خراپتر بووە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئایین و بیر و باوەڕه جیاوازەکان لە ئێراندا سەرکوت دەکرێن و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕیزی ئەو وڵاتانە دایه کە بەردەوام ئایینی تێیدا پێشێل دەکرێت.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەو ڕاپۆرتەی ئامریکا بە "چەواشەکاری و درۆ" وەسف دەکەن.

لە ڕاپۆرتی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویی ئامریکا لە بارەی ئازادیی مەزهەب لە ئێراندا باس لەوە کرابوو کە دوای هاتنەسەرکاری حەسەن ڕۆحانی هیچ ئاڵوگۆڕێک بۆ باشتربوونی دۆخی ئازادیی مەزهەب لەو وڵاتەدا نەهاتووەتە پێش.

سەرەڕای ئەوەی کە ئازادیی مەزهەب لە ئێراندا خراپتر بووە، لەو ڕاپۆرتەدا هاتبوو، سیستمی دین سالاری ڕێژیمی ئێران بەردەوام دژی جوولەکەکان هەوڵ دەدات و بەکارهێنانی ئەدەبیاتی دژی جوولەکەکان لە ساڵی ڕابردوودا لە لێدوان و وتاری بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران زیاتر بووە.

ڕێژیمی دەسەڵاتداری ئێران بە کەڵکوه‌رگرتن لە یاسا ئایینییەکان، بەردەوام سەرکوتی گرووپە جیاوازەکان دەکات.

حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، سەرەڕای وادەوبەڵێنییەکانی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، کارێکی بۆ باشتربوونی دۆخی کەمییەنە ئایینییەکان نەکردووە و زۆبەی پێڕەوانی ئایینی، کە لە یاسای بنەڕەتیی رێژیمی ئێراندا مافیان بۆ بڕاوەتەوە لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجە، هەڵاواردن، دەسبەسەرکران و هەڕەشە بەرەڕوونە.

کەمییەنە ئایینییەکان وەکوو، بەهایییەکان، پێڕەوانی مەسیحی، موسڵمانانی سووننە مەزهەب، پێڕەوانی سۆفی‌گەری و دژبەرانی ئایینی شیعە، جوولەکەکان، ئەرمەنییەکان، ئاشوور و زەرتۆشتییەکان بە هۆی ئایینەکەیان. لەگەڵ هەڕەشە و هەڵسوکەوتی خراپی رێژیمی ئێران بەرەوڕوونە.

پێڕەوانی ئایین و مەزهەبە غەیرە شیعەکان لە ئێراندا بەردەوام لە لایەن دەسەڵات سەرکوت دەکرێن و ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو لە پێڕەوانی سووننە مەزهەب و ئایینی بەهایی، مەسیحیەت و... لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر و مەحکووم دەکرێن.

پێشێلکاریی سیستماتیک، هەمە لایەنە و بەرینی مافی کەمییەن مەزهەبی و دینیەکان لە ئێراندا بەردەوام ئەو وڵاتەی لە ریزی یەکەمی وڵاتانی جیهاندا جیگیر کردووە.