کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا پێگەی هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی لە ناوچەکە ئاشکرا کرد

11:48 - 25 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە گرتەڤیدئۆییەکدا، بنکەکانی لقی قودسی سپای تێرۆریسیتی پاسدارانی لە وڵاتانی عێراق و لوبنان ئاشکرا کرد.

تیمی پەیوەندییە ئەلکترۆنییەکانی سەربە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە لاپەڕەی تویتێری بەشی عەرەبیی ئەو وەزارەتەدا، لە گرتەڤیدئۆییەکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە هێزەکانی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە وڵاتانی لوبنان و عێراق چەندین سەربازگە و بنکەی تایبەتیان داناوە و ڕاهێنان بە میلیشیا چەکدارەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتانە دەکات.

ئەو تیمەی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا، لەو گرتەڤیدئۆییەدا کە بە شێوەی ماهوارەیی گیراوە، ئاشکرای کردووە کە شوێنی یەکێک لەو بنکانەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە لوبنان، لە شوێنێکە بە ناوی "دۆڵی بیقاع" لەسەر سنووری نێوان لوبنان و سووریە، هەروەها چەندین بنکەی دیکەشی لە نێو خاکی ئێران ئاشکرا کردووە، کە تایبەت بە ڕاهێنانە و ڕاهێنان بە میلیشیا چەکدارە دەرەکییەکانی خودی ڕێژیم دەکرێن و لە ئێراندا بنکەی تایبەتیان بۆ کردوونەتەوە.

لە شرۆڤەی ئەو گرتەڤیدئۆییەدا، تیشک خراوەتە سەر ڕۆڵی ئاژاوەگێڕانەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و هاتووە: "ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئێران و لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئەو ڕێژیمە، بە مەبەستی ڕەکابەری لەگەڵ ئامریکا و هێزە سەربازییەکانی ئامریکا، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هێزەکانی خۆی جێگیر کردووە و جیا لەوەش بەردەوام ڕاهێنان بە میلیشیا چەکدارەکانی سەربە خۆی وەکوو: میلیشیاکانی عێراق، حیزبوڵڵای لوبنان، حووسییەکانی یەمەن، میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە بەشار ئەسەدی سووریە و هتد" دەکات.

لەم پەیوەندییەدا، "سیس جۆنز"، بەرپرسی تیمی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە نێونەتەوەیییەکان و ڕاوێژکاری پێشووی سەنتەری توێژینەوە و ستراتیژیکی نێودەوڵەتی ئامریکا، ڕایگەیاندووە: ئامانجی سەرەکیی ڕێژیمی ئێران لە دانانی ئەو بنکە و سەربازگانە لە لوبنان و وڵاتانی تری ناوچەکە، پەرەپێدانی هێز و توانا سەربازییەکانی هێزە تێرۆریستییەکانی خۆی لە بەرانبەر هێزەکانی ئامریکایە.