کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا چوار شیرکەتی بەهۆی هەناردەکردنی بەرهەمی پێترۆشیمیی ئێران تەحریم کرد

12:34 - 27 سەرماوەز 2720

لە درێژەی سیاسەتی گوشارە لانیزۆرییەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی سەرماوەز وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا لە بەیاننامەیەکدا چوار شیرکەتی بەهۆی ئەوەیکە لە هەناردەکردنی بەرهەمی پێترۆشیمی دەستیان هەیە، تەحریم کرد.

بەپێی ئەو بەیاننامەیە شیرکەتی کەشتیڕانیی ''دونگای، پێترۆشیمی باشووری ڕۆژهەڵاتی هۆنگ کۆنگ، ئاڵفا تێک تریدینگ و پێترۆلاینسـ''ـی ئێمارات بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ شیرکەتی ''ترلیانسـ''ـی هۆنگ کۆنگ بۆ پێشێلکردنی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران، تەحریم کراون.

ئامریکا ڕایگەیاندووە کە هەناردەکردنی پێترۆشیمی یەکێک لە سەرچاوەکانی ماڵیی گرینگی ڕێژیمی ئێرانە، بەڵام ڕێژیمی ئێران داهاتی ئەو پێترۆشیمییە بۆ دابینکردنی ماڵیی گرووپە تێرۆریستییەکان بە کار دێنێت.

لە بەیانییەی وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکادا هاتووە کە هەر کەس لە هەناردەکردنی بەرهەمی پێترۆشیمی ئێران پشتیوانی بکات، تەحریم دەکرێت.

ڕێژیمی ئێران بەهۆی گوشارە ئابوورییەکانی ئامریکا کەوتووەتە خراپترین دۆخەوە و بەم هۆیەوە لە هەموو ڕێگایەکەوە هەوڵ دەدات بە تێچوویەکی زۆر گەمارۆکانی ئامریکا دەور لێ داتەوە.