کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا چیدیکە مەعافییەتی نەوتی بە وڵاتان نادات

14:05 - 2 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: گوشارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بەردەوامە و لە نوێترین حاڵەتدا، دەیەوێت هەموو مەعافییەتەکانی کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێران لە لایەن وڵاتانی دیکەوە لا ببات.

ڕۆژنامەی واشنگتۆن پۆست، لە زاری دوو بەرپرسی ئامریکاییەوە نووسیویەتی: مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە، بەفەرمی ڕایدەگەینێت کە لە ڕۆژی پێنجشەمە واتا لە ١٢ی بانەمەڕەوە، ئەم وڵاتە هیچ جۆرە مەعافییەتێک بە وڵاتانی دیکە سەبارەت بە کڕینی نەوتی خاوی ئێران نادات.

لە کاتی هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام و وەگەڕخرانەوەی دووبارەی گەمارۆوەکانی ئەم وڵاتە بۆ سەر ڕێژیمی ئێران تاکوو ئێستا، ئامریکا لە ڕۆژی ١٤ی خەزەڵوەری ٩٧، ئیزنی ١٨٠ ڕۆژەی بۆ کڕینی نەوت بە ٨ وڵات، لەوانە: چین، هیندووستان، ژاپۆن، کورەی باشوور، تورکیه، ئیتالیا، یوونان و تایوان دابوو، تاکوو لەم ماوەیەدا، سەرچاوەیەکی دیکە لە جیاتی ڕێژیمی ئێران بۆ دابینکردنی نەوتەکەیان بدۆزنەوە کە ئەم مەعافییەتە ڕۆژی ١٢ی گوڵان کۆتایی پێ دێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، کۆتایییەکانی مانگی ڕێبەندانی ٩٧، برایان هووک، نوێنەری تایبەتی ویلایە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بۆ کاروباری ئێران ڕایگەیاندبوو: کە سێ وڵات لەو ٨ وڵاتە کە لە لایەن ئامریکاوە مەعافییەتییان وەرگرتبوو، کڕینی نەوتی خۆیان لە ئێران گەیاندووەتە ئاستی سفر.

ئەم بەرپرسە ئامریکاییە، هەروەها لە ٢٢ی بەفرانباری ٩٧دا هۆشداری دابوو کە ئامریکا ماوەی مەعافییەتەکان درێژ ناکاتەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بە هاتنەدەرەوە لە ڕێککەوتنی بەرجام، لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەزەڵوەری ئەمساڵدا، فەرمانی وەگەڕخستنەوەی گەمارۆوەکانی دژ بە ڕێژیمی ئێران دا.