کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا چەند دامەزراوەی دیکەی ڕێژیمی ئێرانی خستە لیستەی گەمارۆکانیەوە

18:47 - 27 بەفرانبار 2720

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی دەوڵەتی ئامریکا لە نوێترین هەوڵی خۆیدا چەندین دامەزراوەی ڕێژیمی ئێرانی خستە لیستەی گەمارۆکانییەوە.

ئامانج لەو گەمارۆیانە گوشار خستنەسەر ڕێژیمی ئێرانە بۆ وتووێژکردن لە پێوەندی بە بەرنامەی ناوکیی  و ڕاگرتنی چالاکییه ناوکیی ئەو ڕێژیمە.

"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نێونەتەوەیی.

ناوبراو باسی لەوەکردووە، دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی پەرەپێدان بە شەڕی سووریە، یەمەن، عێراق و لوبنان و هەروەها دروستکردنی تێرۆریزمی  جیهانییە.

وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا ١٦ دامەزراوە و کەسێکی بەستراوە بە پیشەی پۆڵا و ئاسنی ڕێژیمی ئێرانی خستە لیستەی گەمارۆکانییەوە.

وەزارەتی دەرەوی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە درێژە بە گوشارەکانی خۆی لەسەر ڕێژیمی ئێران دەدات بۆ ئەوەیکه ئەو ڕێژیمە هەڵسووکەوتی خۆی بگۆڕێت و هەروەها داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە پێش بە فرۆشتنی چەک بە ڕێژیمی ئێران بگرن.