کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا چەندین گرووپی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی خستە لیستەی گەمارۆکانەوە

11:01 - 8 رەشەمه 2719

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا چەندین شیرکەت و تاکی لە پێوەندی لەگەڵ گرووپەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران خستە لیستەی گەمارۆی ئەو وڵاتەوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٧ی ڕەشەمە، "ئەحمەد ئەلحەمیداوی"، سەرۆکی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقی خستە لیستەی گەمارۆکانی خۆیەوە.

لە بەیانییەی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکادا هاتووە: "ئەلحەمیداوی دەستی لە کردەوەی تێرۆریستیدا هەبووە".

کەتائیبی حیزبوڵڵا لە گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ساڵی ٢٠٠٩دا ئەو گرووپەی خستە لیستەی گەمارۆکانی خۆیەوە.

ماوەیەک پێش، "ئەبوو مەهەدی موهەندیس"، فەرماندەی یەکێک لە گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەگەڵ تێرۆریست "قاسم سلێمانی" کوژران.

لەو پێوەندییەدا وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ١٢ دامەزراوە و ٣ لوبنانیی لە پێوەندی لەگەڵ بونیادی "شوهەدای حیزبوڵڵا" خستە لیستەی گەمارۆکانەوە.

له کۆتایی وەرزی پاییزدا چەندین شیرکەت و کەسی لوبنانی بە تاوانی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی سەرچاوەی ماڵی بۆ بەرنامەی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا، لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکاوە خرانە لیستەی گەمارۆکانی ئامریکاوە.

پەسندکردنی گەمارۆی ئابووری دژی ڕێژیمی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەلایەن ئامریکاوە لە ڕاستای گوشار بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانە کە دەست لە کردەوە تێرۆریستییەکانی هەڵبگرێت.