کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا چەک و چۆڵ بە عەرەبستان و چەند وڵاتێکی‌ تر دەفرۆشێت

12:17 - 4 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بە هۆی ئاڵۆزبوون و نائەمنبوونی ناوچەکە بەهۆی ئێرانەوە، ئامریکا چەک و چۆڵ بە وڵاتانی عەرەبستان، ئیمارات و ئۆردۆن دەفرۆشێت.

"مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، ڕایگەیاند: "دەوڵەتی ترامپ، بە هۆی بارودۆخی نایاسایی و ناسەقامگیر لە ناوچەکەدا، کە بەهۆی ئێرانەوە ڕووی داوە، گرێبەستی فرۆشتنی چەک و چۆل بە عەرەبستان، ئۆردۆن و ئەمارات بەکردەیی دەکات."

"مایک پۆمپێئۆ"، ڕۆژی هەینی، ٣ی جۆزەردان، لە بەیانییەیەکدا باسی لە گرێبەستێکی ٨ میلیارد و ١٠٠میلیۆن دۆلاریی فرۆشتنی چەک و چۆڵ بە عەرەبستان، ئیمارات و ئۆردۆن کردووە.

سەرەڕای ئەوەی کە کۆنگرەی ئامریکا خوازیاری ڕاگرتنی ناردنی چەک و چۆل بۆ عەرەبستان بووە، "پۆمپێئۆ" وتوویەتی: "دەوڵەت بۆ کردەییکردنی ئەو گرێبەستە، لە دەسەڵاتی دەوڵەت کەڵک وەردەگرێت و چاوەڕێی بڕیاری کۆنگرە نابێت، چونکە وەدواکەوتنی بڕیاری کۆنگرە لەو بارودۆخە پڕئاڵۆزییەدا، ناوچەکە لەگەڵ نیگەرانی بەرەوڕوو دەکاتەوە."

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "فرۆشتنی ئەو کەرەستانە بە هاوپەیمانەکانمان، پشتیوانییەکە بۆ ئەوان و ئەم کارە بۆ بەرگری و بەرەوڕووبونەوە و هەروەها ڕاگرتنی ڕێژیمی ئێران دەبێت."