کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ڕێژیمی ئێران ئازاری گوشارەکانی ئێمە هەست پێ دەکات

12:34 - 9 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، باسی لەوە کردووە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە هۆی گوشارەکانی ئامریکاوە، ئازارێکی زۆر هەست پێ دەکات.

شەوی پێنجشەممە، ٨ی خاکەلێوە، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە تویتێکدا، سەبارەت به لیستی نوێی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران نووسیویەتی: لەم حەوتوویەدا خەزێنەداریی ئامریکا، به گەمارۆ خستنەسەر زۆرێک لەو کۆمپانیا و دامەزراوانەی کە ڕێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە گەمارۆوەکان و دابینکردنی بەشی داراییی تێرۆریزم کەڵکیان لێ وەر دەگرێت، گوشارەکانی زیاتر کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە تویتی خۆیدا جەختی کردەوە کە ئامریکا تەسلیم نابێت و گوشارەکان پەرە پێ دەدات.

لە حەوتووی ڕابردوودا، دوو لیستی نوێ به گەمارۆوەکانی ڕێژیمی ئێران زیاد کرا، یەکەمیان خەزێنەداریی ئامریکا، رۆژی هەینی، ٢ی خاکەلێوە، ١٧ ناوەند و ١٤ کەسی سەربە ڕێژیمی ئێرانی خستە لیستەی گەمارۆوەکانەوە که به ( SDN) ناسراوە.

هەروەها وەزارەتی داراییی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە، ٦ی خاکەلێوە، بانکی ئەنسار و ٢٥ کەسی بە تۆمەتی دەوردانەوەی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران و هەناردەکردنی دۆلار و یۆرۆ بۆ سپای پاسداران، وەزارەتی بەرگریی ڕێژیم و هەموو گرووپە چەکدارەکانی سەر بەم ڕێژیمەی سزا داوە و بە ڕیزبەندی گەمارۆوەکانی خۆی زیادی کردوون.

دەوڵەتی ئامریکا، بۆ پێشگرتن لە دەوردانەوەی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران، لە ماوەکانی ڕابردوودا، چەندین کەس و کۆمپانیای سزا داوە و لە ڕیزی گەمارۆوەکانی خستوون.

ئامریکا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە گەورەترین پیشتیوانی تێرۆریزم ناو دەبات و بەرنامە مووشەکییەکانی ئەو ڕێژیمە، بە دژی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش دەزانێت و هەروەها ڕێژیمی ئێران بە هۆکاری تێکدان و ناسەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەراست ناو دەبات.