کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ڕێژیمی ئێران دەستی لە هێرشەکانی ئەم دواییەی عێراق و سووریەدا هەبووە

16:39 - 18 بەفرانبار 2721

ئامریکا ڕایگەیاند کە زیادکردنی هێرشەکانی سەر هاوپەیمانان لە عێراق و سووریە پەیوەندییان بە کوژرانی "قاسم سلێمانی" و دانوستاندنەکانی ڤییەن سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانەوە هەیە. 

"جێن ساکی" وتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەی زیادکردنی هێرشی گرووپە میلیشیاییەکان لە عێراق و سووریە ڕایگەیاند، هیچ گومانی تێدا نییە کە ئەم بابەتە پەیوەندیی بە دانوستاندنەکانی ڤییەن یان ساڵیادی کوژرانی "قاسم سلێمانیـ"ـیەوە هەیە. 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بنکەی "عەینولئەسەد" لە عێراق و بنکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ناوچەی کێڵگە نەوتییەکانی "ئەلعومەر" لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک کراونەتە ئامانج. 

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد کە بەیانیی ئەو ڕۆژە، بنکە سەربازییەکەیان لە "دێرەزوور" بە هەشت مووشەک کراوەتە ئامانج. 

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەرپرسیاریەتیی هێرشەکان دەخاتە ئەستۆی "لایەنە شەڕئەنگێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران" کە ناوچە سڤیلەکان بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان بەکار دێنن. 

ژێنێراڵ "جۆن برێنان" فەرماندەی هاوپەیمانییەکە لەمبارەوە وتوویەتی: "هاوپەیمانییەکەمان بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشە بۆ سەر هێزەکانمان لە عێراق و سووریە لەلایەن گرووپە میلشیاکانەوە دەبێتەوە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن".