کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا جێگای نییە

13:05 - 7 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە دانیشتنێکدا لە شاری دەمیشقی سووریە داوایان کرد کە ڕێژیمی ئێران لە باشووری سووریە دەربکرێت.

ڕۆژنامەی "الاخبار"ی لوبنان لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کە هەیئەتێک لە بەرپرسانی ئاژانسی ئیتلاعات و ئەمنییەتی ئامریکا سەرەڕای سەفەر بۆ دیمەشق لە گەڕەکی "مزه" لەگەڵ "عەلی مەملووک" دیداریان کردووە.

لەو دانیشتنەدا کە ٤ کاتژمێری خایاندووە "دیب زەیتوون" سەرۆکی ئیدارەی ئەمنییەتی گشتیی نەتەوەیی سووریە و "مۆوەفەق ئەسعەد" جێگری ستادی ئەرتەشی ئەو وڵاتە بەشدار بوونه.

لەو پێوەندییەدا "ئەمیر حاتەمی" وەزیری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، سەرەڕای فشارەکانی ئامریکا بوونی سەربازیمان لە سووریەدا دەپارێزین، هەروەها وردەکاریی زیاتری سەبارەت بە ڕێککەوتنە سەربازییەکەی نێوان تاران و دیمەشق کە لەم حەوتوویەدا لەنێوان هەردوو وەزیری بەرگری ئێران و سووریە واژۆ کرا کرد.

وتیشی ئێران یارمەتی سوریە دەدات لە دووبارەبنیادنانەوەی کارگەکانی وەزارەتی بەرگری سوریا کە بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی ئەو وڵاتەوە زیانێکی زۆریان بەرکەتووە.

هەفتەی ڕابردوو ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا جان بۆڵتۆن داواکەی ئەمریکای دووبارە کردەوە بۆ کشانەوەی هەموو هێزەکانی ئێران لە سوریەدا.

پێشتریش ڕووسیە ڕایگەیاندبوو، کە مانەوەی هێزە دەرەکییەکان لە سووریە نایاساییە و دەبێت ئەو وڵاتە چۆڵ بکەن، وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: هێزەکانی ئێران سووریە چۆڵ ناکەن هەتا ئەو ڕۆژەی حکوومەتی بەشار ئەسەد بیهەوێ، ئەو هێزانە لەو وڵاتە دەمێننەوە.

ڕێژیمی ئێران و سووریە لە ناوچەکە هاوپەیمانن و ئەو ڕێژیمە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ناوچەکە دەپارێزێت؛ لە لایەکی دیکەشەوە، نزیک کردنەوەی سەنگەری تێرۆر و شەڕ لە ئیسرائیل و عەرەبستان، بە سازکردنی پایگای مووشەکی و بنکەی نیزامی دەیهەوێت گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل و لە ئەگەری شەڕ لەگەڵ ئەو وڵاتە، هێزەکانی نزیک بە سنووری ئیسرائیل بن.

پرسی بڵاوبوونی هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە، سەرەکیترین بابەتە لەسەر تێکدانی ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی ناوچەکە بە بەردەوامی هۆشداری بەو ڕێژیمە دەدەن، کە هێزەکانی خۆی بکشێنێتەوە و دەست لە ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردان هەڵبگرێت؛ تەنانەت وڵاتی ئیسرائیل بە هێرشکردن بۆ سەر بنکەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بەردەوامە و ڕایگەیاندووە، کە قەبووڵ ناکات ڕێژیمی ئێران لە سنووری ئیسرائیل بنکەی سەربازی هەبێت.