کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ڕێژیمی ئێران لە پشتیوانیکردنی حووسییەکان دەست هەڵبگرێت

13:22 - 28 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتویەتی کە ڕیژیمی ئێران دەبێ لە یارمەتیدانی نیزامی و ماڵیی حووسییەکان، دەست هەڵبگرێت.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی جۆزەردان، "جاناتان کوهێن"، نوێنەری کاتیی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، لە دانیشتنێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی ئەم ڕێکخراوەیەدا  وتی: "ڕێژیمی ئێران لە هەناردەکردنی چەکوچۆل بۆ میلیشیا چەکدارەکانی حووسی لە وڵاتی یەمەندا دەست هەڵبگرێت و حوسییکانیش لە جێی هێرشکردن دەبێ لەسەر بەڵێنییکانی خۆیان ڕابووەستن."

ناوبراو لەو دانیشتنەدا باسی لەوە کرد کە هەر چەشنە هێرشێک بۆ دراوسێکانی یەمەن، ڕێگا بۆ تێکهەڵچوونەکان ئاوەڵا دەکاتەوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، "خالید بێن سەلمان"، جێگری وەزیری بەرگریی عەرەبستان، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی جۆزەردان وتبووی: "ڕێژیمی ئێران تەنیا لایەنێکە کە ڕاشکاوانە بە دوای تێکدانی دۆخەکەیە و بە کەڵکوەرگرتن لە مووشەکەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، دامەزراوەکانی عەرەبستان و خەڵکی بێتاوان کە لە کاری نیزامیدا نین، دەکاتە ئامانج."

ڕێژیمی ئێران بۆ کەڵکوەرگرتن لە ئامانجەکانیدا، لە گرووپە میلیشیا چەکدارەکان لە وڵاتانی ناوچەکە پشتیوانی دەکات و بە پێکهێنانی شەڕی نیابەتی، ناوچەی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاستی تووشی ئاڵۆزی و تێکدان کردووە.