کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ڕێژیمی ئێران هەروا درێژە بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەدات

12:25 - 24 خاکەلێوه 2722

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە جیهان، ڕێژیمی ئێرانی بە پێشێلکەری بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لەوانە ئێعدام و کوشتنی سەرەڕۆیانە، بێ سەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ڕفاندنی کەسانی دژبەری ئەو ڕێژیمە، دەسبەسەریی بەربڵاو و ئەشکەنجە تاوانبار کرد.

ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خاکەلێوە بڵاو بووەتەوە، بە ئاماژەدان بە ئاماری زۆری ئێعدام لە ئێران وتوویەتی کە زۆربەی ئەو ئێعدامانە لە پێوەندی لەگەڵ تاوانگەلێک بووە کە بەپێی یاسای نێونەتەوەیی بە تاوانی جیددی نایەتە ئەژمار، یان بەبێ ڕەوتی یاسایی بەڕێوە چوونە یان ئەو کەسانەی کە ئێعدام کراون لە کاتی تاوانەکەیاندا مێرمنداڵ بوونە.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لەو بارەوە قسەکانی ''جاوید ڕەحمان'' ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ لە کاروباری ئێرانی بە بەڵگە هێناوەتەوە کە باس لەوە دەکات زۆرینەی ئێعدامەکان لە ئێران وەکوو بێبەشکردنی سەرەڕۆیانە لە ژیان بووە و ڕێژیمی ئێران لە سزای ئێعدام وەکوو کەرەستەیەکی سیاسی کەڵکی لێ وەردەگرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لەبارەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران وتوویەتی: ''ڕێژیمی ئێران لە گەنگەشە نیزامییەکان بە شێوەیەکی جیدی مافی مرۆڤ پێشێل دەکات، یەک لەوان لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد و گرووپە تێرۆریستییەکان لە ناوچەکە پشتیوانی دەکات و بە شێوەی نایاسایی لە سووریە منداڵەکان بۆ شەڕ بەکار دێنێت''.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ڕێژیمی ئێران ئازادیی ڕادەربڕین و میدیاکانی بە شێوەیەکی توند سنووردار کردووە کە دەسبەسەری و محاکمەی ڕۆژنامەوانان، سانسۆر، سنووردارکردنی ئینتێرنێت، سنووردارکردنی ئازادییە مەزهەبییەکان و سەرکوتی کۆبوونەوەکان لەو ڕاستایەدایە.

لەو ڕاپۆرتەی ئامریکادا هاتووە کە خەڵکی ئێران ناتوانن لە ڕێگای هەڵبژاردنی ئازاد و بێلایەنانە لەو حکوومەتەدا ئاڵوگۆڕ پێک بێنن و سنووردایەتییەکی زۆر لە پێوەندی لەگەڵ بەشداریی سیاسی هەیە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکادا باس لەوە کراوە کە نەتەوەکانی ئێران لە مافەکانیان بێبەش کراون و بە توندوتیژییەکی بەربڵاو هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خاکەلێوە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک جەختی کردەوە کە بەرپرسانی زیندانەکانی ڕێژیمی ئێران بە کەمترخەمیی بەئەنقەست و پێڕانەگەیشتن بە دۆخی تەندروستیی زیندانییانی ئەو وڵاتە، تووشی پێشێلکردنی بەرچاوی مافی مرۆڤ بوونە.