کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ڕێژیمی ئێران ئەو ڕەواییەش کە هەیبوو لە دەستی دا

12:40 - 26 خەزەڵوەر 2720

ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە ساڵوەگەڕی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨دا بەیانییەیەکی بڵاو کردووەتەوە و لە بەیانییەدا هاتووە: "ڕێژیمی ئێران ئەو مەشروعیەتەی کە هەیبوو ئەویشی لەدەست دا".

لەو بەیانییەی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکادا ئاماژە بەوە کراوە: "ڕێژیمی ئێران لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨دا نزیک بە یەک هەزار و ٥٠٠ کەسیان کوشتووە کە ٢٣ کەسیان منداڵ بوونە و بە هەزاران کەسیشیان زیندانی و دەسبەسەر کردووە".

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لەو بەیانییەدا ئاماژەی بەوە کردووە: "ساڵی ڕابردوو خەڵکی چاونەترس و بوێری ئێران لە زیاتر لە  ٢٠٠ شاردا بۆ ماوەی یەک حەوتوو، بە دژی چوار دەیە بەڕێوەبەریی سەقەتی ئەو ڕێژیمە گەندەڵەی کە هەموو سامانی خەڵکیان خەرجی تێرۆریزم و سەرکوتی هاووڵاتییانی خۆیان کردووە خۆپیشاندانیان کرد".

هەروەها لەو بەیانییەدا هاتووە: "لە کاتێدا خەڵکی ئێران خوازیاری ئازادیی ڕادەربڕین بوون، ڕێژیمی ئێران بە ئیدئۆلۆژیی زێدەڕۆیی خۆی به توندوتیژی لەگەڵ ئەوان هەڵسوکەوتی کرد و بۆ جارێکی دیکە ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان نیشان دا و ئەو مەشروعیەتەش کە هەیانبوو لەدەستیان دا".