کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ڕێژیمی ئێرانی بە درۆ خستەوە

13:03 - 1 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانی سەبارەت بە گرتنی سیخووڕەکانی "CIA"، بە درۆ خستەوە.

"دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا لە پەیامێکی تویتێریدا بەنیسبەت بانگەشەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامی نووسیویەتی: "هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بەوەی کە ئەم وڵاتە سیخوڕی ڕێکخراوی "CIA"ی دەسبەسەر کردووە، چەواشەکاری دەکەن و هەموو هەواڵەکان دوور لە ڕاستییە".

ناوبراو هەروەها زیادی کردووە: "ئابووریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران مردووە و ئەم بارودۆخەش زیاتر پەرە دەستێنێت.

"ترامپ" باسی لەوە کردووە کە ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە ئایینین، بەڵام درۆی زۆر دەکەن.

"مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری کاروباری دەرەوی ئامریکا، لە وتوویژێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز"، بانگەشەکانی ڕێژیمی ئێرانی سەبارەت بە گرتنی ١٧ سیخووڕی ڕێکخراوی "CIA" بە درۆ خستەوە.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی دووشەممە، ٣١ی پووشپەڕ، بانگەشەیەکی بڵاو کردەوە کە ١٧ پسپۆڕ و کارناسی ئێرانی کە ئاماژەی بە ناوەکانیان نەکردووە، بە تۆمەتی سیخووڕیکردن بۆ ڕێکخراوەی "CIA"ی ئامریکا دەسبەسەر کردووە و زۆربەی ئەو کەسانەش بە حوکمی ئێعدام مەحکووم کراون.

گرژیی نێوان ئەم دوو وڵاتە وای کردووە کە بەردەوام ئامریکا گەمارۆکان بۆ سەر ئێران زیاتر دەکات و ڕێژیمی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەموو بوارەکاندا لاوازتر دەبێت و بەپێی پێشبینییەکانی کارناسان، ئەگەری شەڕ لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا لە سەرێیە.