کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ڕێژیمی ئێرانی بە ئەنجامدانی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە کابول تاوانبار کرد

13:47 - 26 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانی بەوە تاوانبار کردووە کە دەستی لە تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە شاری کابول، پایەتختی ئەفغانستاندا هەبووە.

"مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانی بە ئەنجامدانی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لەبەردەم زانکۆی سەربازیی "مارشاڵ فەهیم" لە شاری کابول، پایتەختی ئەفغانستان، لە ڕێکەوتی ٣١ی مەی، تاوانبار کردووە.

باڵوێزخانەی ئێران لە شاری کابول بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، تۆمەتەکانی "مایک پۆمپێئۆ"ی بە ناڕاست زانیوە. لە ڕاگەیەندراوی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا هاتووە کە ئەم هێرشە خۆکوژییە، تاڵیبان بە ئەستۆی گرتووە، لە کاتێکدا کە گروپی تێرۆریستی داعش ئەم هێرشەی لە ئەستۆ گرتبوو.

هەر لەم ڕاستایەدا، "دانێڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانی بە ئەنجامدەری تەقاندنەوەی دوو نەوتکێش لە دەریای عوماندا زانیوە و لەمبارەوە بە بەرنامەی "فاکس و هاوڕێیانـ"ی ڕاگەیاندووە: "هێرش بۆ سەر نەوتکێشەکان کاری ڕێژیمی ئێران بووە، بە بەڵگەشەوە دەڵێین کە کاری ئێران بووە، ئێوە ئەو بەلەمەتان بینی."

سەرکۆماری ئامریکا لەم قسانەیدا مەبەستی لەو ڤیدیۆ بڵاوکراوەی هێزە دەریاییەکانی ئامریکایە، کە تێیدا دەردەکەوێت کە لە دوای ڕوودانی تەقینەوەی دوو نەوتکێشەکە، بەلەمێکی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران، لە یەکێک لە کەشتییە نەوتکێشەکان نزیک دەبێتەوە و مینێکی نەتەقیوی لێدەکاتەوە.