کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانی لە لیستەی ڕەشی "قاچاخی مرۆڤ" هاویشت

12:54 - 11 پووشپەڕ 2721

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی وزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە پێوەندی بە "قاچاخی مرۆڤ"، بۆ جارێکی دیکە ناوی ڕێژیمی ئێرانی لە کۆی وڵاتانی "ئاستی سێهەم لە لیستەی ڕەشدا تۆمار کرد.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەم وڵاتانە کەمترین هەوڵیان بۆ بەرەنگاری لەگەڵ ئەو کێشەیە داوە.

لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، ڕێژیمی ئێران، پێوەری لانیکەمی پێویست بۆ پێشگرتن بە "قاچاخی مرۆڤ"، جێبەجێ ناکات و لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا هەوڵێکی جیدی ناگرێتە بەر و بەو هۆکارانە ئەو ڕێژیمە لە "ئاستی سێهەمدا" دەمێنیتەوە.

هەروەها بەپێی بەڵگەکان، ئامریکا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە ڕاکێشانی منداڵ سەربازی یا ئازاری بە "قاچاخی مرۆڤ" تاوانبار کردووە.

لە لایەکی دیکە، کۆماری ئیسلامیی ئێران نەیتوانیوە قوربانییانی قاچاخی مرۆڤ لە نێو حەشیمەتی زیان‌بەرکەوتوو جیا بکاتەوە و بەو حاڵەش لەگەڵ ئەو کەسانە وەکوو تاوانبارهەڵسوکەوت دەکات.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا هەر ساڵ ڕاپۆرتی جۆراوجۆر لە پێوەندی بە تێرۆریزم، مافی مرۆڤ، قاچاخی مرۆڤ و بابەتی دیکە بڵاو دەکاتەوە کە ئێران لە تەوای ئەو ڕاپۆرتانەدا لە نزمترین ئاستی ئەو ڕێزبەندییەدا دادەندرێ و هەر جار پێڕستێک لە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دەخاتە بەرباس.