کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ڕەخنەی توند لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا دەگرێت

12:37 - 23 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لە بواری مافی مرۆڤدا بە زۆر لاواز پێناسە کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، کە لە نزیکەی ٢٠ هەزار وشە پێک دێت، بە شێوەیەکی زۆر ورد دۆخی مافی مرۆڤی لە ئێراندا لێک داوەتەوە و باسی هەموو پێشلکارییە مافی مرۆڤییەکانی لەو وڵاتەدا کردووە و ئاماژەی بەوە داوە، کە دۆخی مافی مرۆڤ لە چاو ڕابردوودا خراپتر بووە.

ئەم ڕاپۆرتە ئاماژەی بە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو،  کوژرانی لانیکەمی ٣٠ کەس لە خۆپیشاندەران، دەسبەسەرکردنی هەزاران کەس و گیانلەدەستدانی گومانلێکراوی زیندانییان لە گرتنگەکاندا لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا کردووە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا، ئاماژە بە ئەنجامدانی هەڵسوکەوتی نەشیاو لەگەڵ زیندانییەکاندا کراوە، کە دەکرێت ئاماژە بەم کارانە بکرێت: ("هەڕەشەی لەسێدارەدان یاخود دەستدرێژیی جنسی"، "تاقیکاریی زۆرەملێی کچێنەی" و "لێدان و ئەشکەنجەی توند بۆ ماوەیەکی زۆر") کردووە.

هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە ڕێگادانی یاساکانی ڕێژیم بۆ بڕینەوەی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ یاخود سەپاندنی سزای لێدانی قامچی کردووە و نووسیویەتی: کە بەپێی یاساکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١٤٨ سزای لێدانی قامچی و ٢٠ سزای بڕینی ئەندامێکی جەستە دەرکراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەیدا ئامارێکی لە بارەی ڕێژەی ئێعدامەکانی هەتا نیوەی مانگی نوامبری ساڵی ٢٠١٨ بڵاو کردووەتەوە، بەپێی ئەم ئامارە ٢١٥ کەس لە سێدارە دراون، کە تەنیا ٧٣یان لە لایەن ڕێژیمەوە بە فەرمی ڕاگەیەندراوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا، ئاماژە بە دۆخی دژواری زیندانییان لە زیندانییەکانی ئیراندا کراوە و هاتووە کە زیندانییان بە دەست کێشەگەلێکی وەک: "کەمیی خواردن، هەڵسوکەوتی نەشیاوی بەرپرسانی زیندان، خراپیی دۆخی تەندروستی و هەروەها هێشتنەوەی زیندانییانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لە نێو زیندانییانی گەورەساڵاندا کردووە.

ئەم وەزارەتخانەیەی ئامریکا، ئەم ڕاپۆرتەی بە پشتبەستن بە هەواڵدەرییە نێوخۆی و دەرەکییەکان و ڕاپۆرتە جیاوازەکانی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی ئەم بوارە ئامادە کردووە.