کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا کۆتایی بە ڕێککەوتننامەی دۆستایەتی لەگەڵ ئێران هێنا

12:04 - 12 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دوای بڕیاری دادگای لاهە، لە بارەی سکاڵای ڕێژیمی ئێران لەسەر ئامریکا، لە ڕێککەوتننامەی مودەت لەگەڵ ئێران کشایەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەر، مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا، کشانەوەی یەکلایەنەی ئامریکای لە ڕێککەوتننانەی "برایەتی، پێوەندییه ئابوورییەکان و مافە کۆنسولگەرییەکان" کە لەساڵی ١٩٥٥ی زایینی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران واژۆ کرابوو، ڕاگەیاند.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ڕێژیمی ئێران بۆ ماوەی ٣٩ ساڵە ئەم ڕێککەوتنە پێشێل دەکات و دەبوا ئەم بڕیارە زووتر بدرایە".

چەند کاتژمێرێک بەر لەو پرێسکۆنفڕانسەی مایک پۆمپێئۆ، دادگای لاهە لە بارەی سکاڵای ڕێژیمی ئێران لە ئامریکا وتوویەتی: لە بڕیاری کاتیی خۆیدا ئەم دادگایە گەمارۆوەکانی ئامریکای بۆ سەر ئێران هێشتبووەوە و تەنیا جەختی لەوە کردبوو، کە نابێت گەمارۆوەکان بیاڤی هاوکارییە مرۆیییەکان بگرێتەوە.

دوابەدوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لەو  ڕێککەوتنە، محەممەدجەواد زەریف لە تویتێکیدا دەوڵەتی ئامریکای بە ڕێژیمێکی نایاسایی پێناسە کرد و ڕەخنەی توندی لەم بڕیارەی ئامریکا گرت.

جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئەمنییەتیی سەرکۆماری ئامریکا، کاردانەوەی لە هەمبەر قسەکانی محەممەدجەواد زەریف نیشان دا و ڕێژیمی ئێران بە ڕێژیمێکی یاخی و بانکی ناوەندی تێرۆریزمی جیهانی پێناسە کرد.

جان بۆڵتۆن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەسەر ئەو کردبووەوە، کە ئامریکا کێشەی لەگەڵ "ئایەتووڵڵاکاندا هەیە، کە ئەم وڵاتەیان کردووەتە وڵاتێکی یاخی و لەگەڵ خەڵکی ئێران هیچ کێشە و گرفتێکیان نییە.

هەر لەم ڕاستادا سێناتۆر جان کاتن، پشتیوانی لە بڕیاری هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی دۆستانە کرد و لە تویتێکدا ڕایگەیاند: کە ئەم بڕیارە دەبوا زۆر زووتر بدرایە.

جان کاتن سێناتۆری کۆماریخواز لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نوسیبووی: "ڕێژیمی ئیسلامی لەم ڕێککەوتننامەیە بۆ داواکارییە بێبنەماناکانی خۆی لە دژی ئامریکا لە دیوانی نێونەتەوەییی دادگای لاهە کەڵکاژۆی وەرگرتووە".