کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: کۆماری ئیسلامی پەیمانی چەکی شیمیایی پێشێل کردووە

11:12 - 2 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کێنت وارد نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی ڕێگری کردن لە چەکی شیمیایی کۆماری ئیسلامی بەوە تۆمەتبار کرد کە سەبارەت بە دامەزراوەکانی بەرهەمهێنەری گازە شیمیاییەکانی وڵاتەکەی هیچ ڕاپۆرتێکی بە ڕێکخراوی ئاماژەبۆکراو نەداوە و ئەمەش بەواتای پێشێلکردنی پەیمانی ڕێگری کردن لە پەرەسەندنی چەکی شیمیاییە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لەمبارەوە ئاشکرای کردووە نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی ڕێگری کردن لە چەکی شیمیایی لە کۆبوونەوەی تایبەتی ئەم ڕێکخراوە لە لاهە، کۆماری ئیسلامی بەوە تۆمەتبار کردووە کە بۆ سازکردنی چەکی شیمیایی پلانداڕێژی کردووە؛ باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە سەبارەت بە دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی گازی شیمیایی لە وڵاتەکەی هیچ ڕاپۆرتێکی بەم ڕێکخراوە نەداوەتەوە.

بەوتەی ناوبراو کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ گازی "اعصاب" بەرهەم بهینێت و بۆ هێرش کردن کەڵکیان لێوەربگرێ؛ وتوویشیەتی: ئێران لە دەیەی ٨٠ی زایینی چەکی شیمیایی بۆ لیبی گواستۆتەوە تەنانەت پاش ئەوەیکە لە ساڵی ٢٠١١ لیبی ئەم پرسەی ئاشکرا کرد تاران ئامادە نەبوو دان بەم مەسەلەدا بنێت.

وارد لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە دۆزینەوەی کۆمەڵێک مووشەکی هەڵگری ماددەی شیمیایی، خومپارە و بۆمب کردووە کە درووستکراوی دەستی ئێران بوون و ئەمەی وەک بەڵگەیەک ناو بردووە کە دەریدەخات تاران تواناییەکانی خۆی لەمبارەوە ئاشکرا نەکردووە.

ئاسۆشیتێدپرێس سەبارەت بە قسەکانی نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی ڕێگری کردن لە چەکی شیمیایی وتوویەتی: ڕەنگە لە ئێستادا ئامریکا نەتوانێ بەم تۆمەتە سزایەکی ئەوتۆ بۆ کۆماری ئیسلامی دیاری بکات بەڵام دەتوانێ بۆ سکاڵا دژ بە ئێران لە ڕێکخراوی ڕێگری کردن لە چەکی شیمیایی کەڵکی لێوەربگرێ.

بەپێی کۆنوانسیۆنی چەکە شیمیاییەکان کە لە ساڵی ١٩٩٧ واژۆکراوە بەرهەمهێنان و ئەمبارکردن و بەکارهێنانی هەرچەشنە چەکێکی شیمیایی قەدەغە و ڕێگەپێنەدراوە.