کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: کۆماری ئیسلامی چەکی داوە بە میلیشیاکانی عێراق لەدژی ئێمە

11:56 - 9 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ئامریکا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نوێی خستۆتەڕوو کە بەم دواییانە لە پۆلێن‌بەندییە نهێنییەکانی دەریهێناوە و تێیدا ئاماژە بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە پڕچەک‌کردن و فێرکردنی عێراقییە دژبەرەکانی ئامریکا بۆ شەڕ لەگەڵ هێزەکانی ئامریکا دەکات.

ڕۆژنامەی "وال‌ستریت‌ژورناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا کە بەپێی بەڵگەنامە نوێیەکانی ئامریکا کە لەسەر بنەمای لێپرسینەوە لە میلیشیا شیعە عێراقییەکان داڕێژراوە، باس لە ساڵانی نێوان ٢٠٠٣ تاکوو ٢٠١١ دەکات و دەڵێ: کۆماری ئیسلامی، میلیشیا عێراقییەکانی بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک هێرشی ترسناکی مەترسیدار دژ بە هێزەکانی ئامریکا تەیار کردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ئێران ئەو کەسانەی بە چەکی پێشکەوتوو و بۆمب تەیار دەکرد و گەڵاڵە و بەرنامەی هێرشەکانی بۆ دادەڕشتن؛ ئەمەش دوای ئەوەیکە عێراقییەکان لە پێگەیەکی سەربازی سەر بە سپای پاسداران لە نیزیک تاران فێری کردەوەی تێرۆریستی و شێوازی کەڵک وەرگرتن لە ئامێرەکانی شەڕ دەکران.

لەم بەڵگەنامەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاهێنانی میلیشیاکان، کەڵکی لە ئەزموونی حیزبوڵای لوبنانیش وەرگرتووە کە لە شەڕی پارتیزانی نێو شاردا زۆر بە ئەزموونن؛ بۆ خۆشیان زۆر بەباشی دەزانن کە چلۆن شەڕێکی ماڵوێرانکەری درێژماوە ساز بکەن و ئەم دوو تەوەرە گرینگەی شەڕیان فێری میلیشیاکانی دژبەری ئامریکا کردووە.

لە پاش ڕووخانی سەدام حسەین، وڵاتی عێراق بوو بە گۆڕەپانێکی لەبار بۆ ڕمبازێن و تەڕاتێنی چەکدار و تێرۆریستەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و لەم ڕووەشەوە تاران توانی دزە و نفووزی خۆی بۆ نێو خاکی عێراق بە شێوەیەکی مەترسیدار پەرە پێبدات.