کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: کۆنفڕانسی وەرشۆ دژ بە ئێران نییە بەڵکوو دژ بە سیاسەتە وێرانکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانە!

10:29 - 10 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: گەورەلێپرسراوێکی ئامریکایی سەبارەت بە دانیشتنی وەرشۆ ڕایگەیاند: ئەم دانیشتنە دژ بە ئێران نییە بەڵکوو بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی جیهانییە دژ بە سیاسەتە کاولکارانەکانی کۆماری ئیسلامی.

ڕادیۆ فەڕانسە لە سەر زاری ئەم لێپرسراوەی ئامریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت ئاشکرای کردووە ئامانج لە بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی وەرشۆ دەسپێکی تاوتوێ کردنی کۆمەڵێک پرسی گرینگ بۆ ئەمنیەت و ئاسایشی ناوچەیە.

ئەم سەرچاوە هەروەها باسی لەوە کردووە کە لەم کۆنفڕانسەدا وەزیری دەرەوەی ئامریکا سەبارەت بە نیگەرانی و مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین قسە دەکات چوونکە بەبێ ئاماژەکردن بە سیاسەتە کاولکارانەکانی ڕێژیمی تاران ناکرێ باس لە قەیرانەکانی ناوچە بکرێت.

بەوتەی ئەم بەرپرسە ئامریکاییە جیا لە مەسەلەی شەڕی نێوخۆیی سووریە و یەمەن، پرسی پەرەدان بە مووشەکە بالێستیکییەکان، هەڕەشە سایبێرییەکان، مافەکانی مرۆڤ و مەسەلەی پەنابەران چەند تەوەری سەرەکی دیکەی ئەم کۆنفڕانسە دەبن.

کۆنفڕانسی وەرشۆ بە دەسپێشخەری مایک پۆمپێئۆ لە ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ی ڕێبەندان لە وڵاتی لەهێستان بەڕێوە دەچێ؛ کۆنفڕانسێک کە ترسی خستووەتە دڵی سەرانی ڕێژیمی تاران و بڕیارە ئێوارەی ڕۆژی ٧ی ڕێبەندان کۆمیسیۆنی ئەمنیەتی مەجلیسی ڕێژیم دانیشتنێک ئەنجام بدات لە پێوەندی لەگەڵ کۆنفڕانسی وەرشۆ.

حیشمەتوڵا فەلاحەت‌پیشە سەرۆکی ئەم کۆمیسیۆنە وتوویەتی: "ئێمە پێمان وایە کە دانیشتنی لەهێستان پیلانێکی جیددییە لەدژی ئێمە و بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم پیلانەش دانیشتنێک بە بەشداری هەندێک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی ئیتلاعات و هەندێک لە دەزگا ئەمنیەتی و دفاعییەکان کە بریتین لە ئەرتەش و سپا بەڕێوە دەبەین".