کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ٢٢ کەس و دامەزراوەی خستە لیستی گەمارۆکانەوە

13:10 - 3 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ٢٢ کەس و دامەزراوەی لە چوار وڵاتدا، خستە نێو لیستی گەمارۆکانی سەر ئێران و وڵاتانی دیکەوە.

نووسینگەی تەناهیی نێونەتەوەیی و پێشگرتن بە زۆربوونەوەی ئامرازە شەڕکەرە ناوکییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ٢٢ کەسی حەقیقی و حقوقیی لە چوار وڵاتدا، بە هۆی پێشێلکردنی گەمارۆکانی پێوەندیدار بە چەککردنی وڵاتانی ئێران، کورەی باکوور و سووریەی خستووەتە لیستی گامارۆکانەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، "کریس فۆرد"، سەرۆکی نووسینگەی تەناهیی نێونەتەوەیی و پێشگرتن بە زۆربوونەوەی ئامرازە شەڕکەرە ناوکییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە پەیامێکدا لە تویتر وتی: "لەو ٢٢ کەسە حەقیقی و حقوقییە کە گەمارۆیان لە سەرە، ٩ دامەزراوە یان کەس لە نێوانیاندا بە هۆی پێشێلکردنی گەمارۆکانی سەر ئێران و ناردنی مادەی پێوەندیدار بە دروستکردنی مووشەکی بالستیکی لەو لیستەیەدا دانراون."

هەر لەو پێوەندییەشدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەدان، کاناڵی تلویزیۆنیی ''خەبەر ئەلئان''، لە زاری دۆزگەری فەرانسە ڕایگەیاند کە ئەندازیارێکی ئێرانی به هۆی دەڵاڵیکردن بۆ کڕین و هەناردەکردنی  تەکنۆلۆژیی نیزامی بۆ سپای تێرۆریستی پاسداران، به هۆی پێشێلکردنی گەمارۆکان، ڕادەستی ئامریکا کرا.