کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ٣ کەس و ١١ شیرکەتی بە تۆمەتی پێشێلکردنی گەمارۆکان تەحریم کرد

13:45 - 14 خەرمانان 2720

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خەرمانان، ٣ کەس و ١١ شیرکەتی ئێرانی، ئیماراتی و چینی بەهۆی پێشێلکردنی گەمارۆکان و ئاسانکاری بۆ فرۆشتن و گواستنەوەی بەرهەمەکانی پێترۆشیمیی ئێران، تەحریم کرد.

لە بەیانییەی ئەم وەزارەتخانەیەدا هاتووە، ''عەلیڕەزا ئەمین'' شارۆمەندی ئێرانی و ''لین ژیو و شی مین'' خەڵکی چین، خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانی ئامریکاوە.

شیرکەتەکانی پێترۆشیمیی ''زاگرۆس''، پاڵاوتگەی نەوتی ئابادان لە ئێران، شیرکەتەکانی ''تریو ئێنرژی و پێترۆتک'' لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و شیرکەتی ''فەناوەریی ژینگۆ'' لە چین و هەروەها شیرکەتە چینییەکانی ''دیناپێکس ئێنێرژی و دینرین'' لە هۆنگ کۆنگ لەو شیرکەتانەن کە خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

''ستوێن منوچین'' وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا لەو بەیانییەیەدا وتوویەتی ڕێژیمی ئێران پارەی فرۆشی بەرهەمە پێترۆشیمییەکان لە تێرۆریزم و هەوڵە تێکدەرانەکانی خەرج دەکات.

هەروەها ''مایک پۆمپێئۆ'' وەزیری دەرەوەی ئامریکا لەمبارەوە وتوویەتی کە فرۆشی بەرهەمە پێترۆشیمییەکان سەرچاوەیەکی گرینگی داهاتی ڕێژیمی ئێرانە و ئەم داهاتانە یارمەتی بە ڕێژیمی ئێران دەدات کە پشتیوانی لە ڕێژیمە گەندڵەکان و گرووپە تێرۆریستییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.

هەر لەو پێوەندییەدا پێشتریش ''پۆمپێئۆ'' ڕایگەیاندبوو کە ئامریکا لە ڕێکەوتی ٢٠ی سێپتامبر، گەمارۆوە نێونەتەوەییەکان دژی ڕێژیمی ئێران وەگەڕ دەخاتەوە.