کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ٢٢ کەس و شیرکەتی لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران و سووریەی خستە نێو لیستی ڕەشەوە

17:00 - 23 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی بازرگانیی ئامریکا، ٢٢ کەس و شیرکەتی بە تۆمەتی دابینکردنی مەواد بۆ بەرهەمهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ لە سووریە و ناردنی کاڵای ئامریکایی بۆ ئێران، بەبێ مۆڵەتنامە، خستە نێو لیستی ڕەشی خۆیەوە.

لە درێژەی گوشارە لەڕادەبەدرییەکانی ئامریکا، وەزارەتی بازرگانیی ئەم وڵاتە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەر، ٢٢ کەس و شیرکەتی بە تۆمەتی دابینکردنی مەواد بۆ بەرهەمهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ لە سووریە و ناردنی کاڵای ئامریکایی بۆ ئێران، بەبێ مۆڵەتنامە، خستە نێو لیستی ڕەشی خۆیەوە.

چوونە نێو لیستی ڕەشی ئەم شیرکەت و کەسانە، بەو مانایەیە کە ئەوان بەبێ ئیزنی دەوڵەتی ئامریکا ناتوانن لە شیرکەتەکانی ئامریکایی کاڵا بکڕن.

ئەم ٢٢ کەس و شیرکەتانە کە نووسینگەی پیشە و ئەمنییەتی وەزارەتی بازرگانیی ئامریکا لەنێو لیستی ڕەشی هاویشتوون، لە ئێران، بەحرەین، فەرانسە، ئۆردۆن، لوبنان، عومان، پاکستان، عەرەبستان، سەنێگاڵ، سووریە، تورکیە، ئیماراتی یەکگرتوویی عەرەبی و بریتانیا، جێگیرن.

بە وتەی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لەم شیرکەتانەدا، شیرکەتی فەناوەری و کەرستەی پزیشکیی ''ڕەهاڵ'' و شیرکەتی لوبنانی- ئۆردۆنیی ''ئێس ئەی ئێڵ'' بەوە تۆمەتبار کراوە کە لە چالاکییەکانی چەکی کیمیایی و بیولۆژیکی لە سووریە پیشتیوانیی ماددییان کردووە.

هەروەها ئەم وەزارەتخانەیە، شیرکەتی بازرگانیی ''ئەلڕەئس گیت"، شیرکەتی ''بێست وی لاین ئێف زێد سی ئۆ'' و شەش دامەزراوەی دیکە کە ئاگایانە کاڵای ئامریکایان بەبێ مۆڵەتنامە بۆ ئێران ناردووە، خستووەتە نێو لیستی ڕەشەوە.

هەروەها وەزارەتی بازرگانیی ئامریکا شیرکەتی ''فاب کۆن ئینتێرنشناڵ''، شیرکەتی ''موهەندیس''، شیرکەتی موهەندیسیی ''پاک تێک'' و بنکەی بازرگانیی ''ڕوهتاسـ''ـی بە تۆمەتی بەشداری لە چالاکییەکانی ناوکی لە دەرەوەی یاساکانی چاوەدێری، خستووەتەوە نێو لیستی ڕەشەوە.

دەوڵەتی ئامریکا لە دژی ڕێژیمی ئێران سیاسەتی گوشاری لەڕادەبەدەری گرتووەتە بەر و دەیهەوێت لەم ڕێگایەوە ڕێژیمی ئێران بهێنێتە سەر مێزی وتووێژ.