کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا کەشتییەکی هەڵگری کەرەستەی مووشەکیی ئێرانیی زەوت کرد

11:27 - 14 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: کەشتییەکی ئێرانی کە هەڵگری ڕێژەیەکی زۆر کەرەستەی مووشەکیی کۆنتڕۆڵ لە ڕێگای دوورەوە بووە و بۆ حووسییەکانی یەمەن نێردراوە، لە لایەن ئامریکاوە زەوت کراوە.

بەرپرسانی ئامریکایی ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی سەرماوەز، کەشتییەکی چووکەی هەڵگری ڕێژەیەکی زۆر لە کەرەستەی مووشەکی، کە لە لایەن ئێرانەوە بۆ حووسییەکانی یەمەن نێردراوە زەوت کراوە.

هەواڵدەریی "ئاسۆشێیتێدپرێس"، بە پشتبەستن بە قسەکانی ئەو بەرپرسە ئامریکاییە کە شوناسی بڵاو نەکراوەتەوە ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە و وتوویەتی کە، ئەو کەشتییە ڕۆژی چوارشەممە لە ئاوەکانی باکووری "دەریای عەرەب"، لە لایەن "هێزە دەریاییەکانی ئامریکا" و "گاردی کەنار دەریایی" ئەو وڵاتەوە زەوت کراوە.

سەرچاوەکانی ئەو هەواڵدەرییە باس لەوە دەکەن کە ئەو ڕووداوە نیشان دەدات کە ڕەوتی قاچاخی چەک و هەناردەکردنی نایاسایی کەرەستەی نیزامی، بۆ مێلیشیا چەکدارە حووسییەکانی یەمەن کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هەروا بەردەوامە.

لە لایەکی دیکەشەوە ڕۆژنامەی "نیۆیۆرک تایمز" ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران "لە ڕێگای کەڵکوەرگرتن لە ئاڵۆزییەکانی عێراق"، کۆگایەکی چەکوچۆڵی نهێنیی مووشەکی کورتمەودای، لە عێراقدا داناوە.

"ئالیسا سولتکین"، نوێنەری دێموکراتی مەجلیسی ئامریکا لە "ئەیالەتی میشیگان"، وتوویەتی کە بشێوی و ئاڵۆزییەکان لە حکوومەتی ناوەندیی عێراق، ئێرانی خستووەتە باشترین بارودۆخەوە بۆ کەڵکئاوەژوو وەرگرتن لە نائارامییەکان لە عیراقدا.