کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: کەمیی نەوتی ئێران لە بازاڕەکاندا قەرەبوو دەکەینەوە

11:36 - 24 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: وەزیری وزەی ئامریکا ئەرخەیانی و خاترجەمی دەداتە جیهان کە پاش تەحریمەکانی مانگی خەزەڵوەر، ناهێڵن بازاڕی نەوت تووشی شڵەژان بێت و قەرەبووی نەوتی ئێران لە بازاڕەکاندا دەکەنەوە.

"ڕیک پێری" وەزیری وزەی ئامریکا لە لێدوانێکیدا بۆ هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕایگەیاندووە: بە هاوکاری عەرەبستانی سعودی و ڕووسیە قەرەبووی کەمیی نەوتی ئێران لە بازاڕەکاندا دەکەینەوە و ناهێڵین بازاڕ تووشی شڵەژان ببێت.

ناوبراو ڕۆژی هەینی لە دیدار لەگەڵ "ئالێکساندێر نۆواک" هاوتا ڕووسییەکەی ئەم قسانەی کردووە و ڕایگەیاندووە: بە چەندین هۆکار دڵخۆش و گەشبینە سەبارەت بە داهاتوو و ئامریکا بڕیاری داوە لە داهاتوویەکی نیزیکدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بە ڕێژەیەکی بەرچاو بباتە سەرێ.

هاوکات ئەم بەڵێنییە لەلایەن دەوڵەتی ڕووسیەشەوە بە ئامریکا دراوە و بەم پێیەش سێ زلهێزی بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهان پێکەوە کۆنترۆڵی بازاڕی نەوت دەگرنە دەست و ناهێڵن کۆماری ئیسلامی کەڵکاژۆ لە بەرهەمی نەوت وەربگرێت.

پاش چوونەدەری ئامریکا لە بەرجام هەموو ئەو گەمارۆیانەی کە واشینگتۆن لەدژی تاران هەڵیپەساردبوون دووبارە دەگەڕێنرێنەوە کە بەشی یەکەمیان لە مانگی ئوت جێبەجێ کران و بەشی دووهەمیش بڕیارە لە مانگی نۆوامبر (خەزەڵوەر) بێنەوە ئاراوە.

خولی دووهەمی تەحریمەکان کە لە ٥ی نۆوامبری ئەمساڵدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەموو کەرتی سەنعەت و نەوت و گاز و هەروەها سیستمی بانکی ئێرانی کردووەتە ئامانج کە ئەمە بە ڕای کارناسان بریتی دەبێت لە فەلەجی کامڵی کۆماری ئیسلامی.

پاش جێبەجێکردنی خولی یەکەمی تەحریمەکان بایەخی دراوی ئێران لە بازاڕەکاندا بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی، بە چەشنێک کە بۆوێنە هەنووکە نرخی هەر ١٠٠هەزار تمەن یەکسانە لەگەڵ ٩٠٠٠ دینار!