کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا گەمارۆئابوورییەکانی لەسەر ڕێژیمی ئێران چڕتڕ کردەوە

18:28 - 3 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە ساڵی نوێی هەتاویدا خولێکی نوێی گەمارۆی ئابووری دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پەسند کرد و ١٧ ناوەند و ١٤ کەسی سەر بە ڕێژیمی ئێران تەحریم کران.

گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران درێژەی هەیە، لە نوێترین هەوڵی ئامریکادا دژی ڕێژیمی ئێران، ئامریکا ١٧ ناوەند و ١٤ کەسی سەر بە ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێرانی خستە لیستەی گەمارۆکانەوە.

"مەنسوور عەسگەری، محەممەد مەهدی دایمی عەتاران، ڕوحوڵڵا قادری بەرمی، سەعید بورجی، ڕەزا ئیبراهیمی، غوڵامڕەزا ئیتاعەتی، محەممەدحوسێن حەقیقیان، جەلال ئیمامی قەرە حاجیلوو، سەید ئەسغەر هاشمی تەبار، مەهەدی مەعسوومیان، محەممەدڕەزا مەهدی پوور، ئەکبەر موتەلبی زادە، محەممەدجەواد سەفەری و موحسێن شەفایی" ئەو کەسانەن کە تەحریمان خراوەتە سەری،

هاوکات ناوەندەکانی "گرووپی ئەبوو ڕیحان، بووعەلی، حەیدری کەڕاڕ، کیمیا پەخشی شەرق، پیشڕەوانی داڕووی پەردیس، پوویا ئێلێکترۆسامان نیروو، ناوەندی لێکۆڵینەوەی سەدرا، گرووپی ئاوینی، بابایی، چەمڕان، فەخار موقەدەم، کەریمی، کازمی، موەحید دانیش، ناوەندی لێکۆڵینەوەی فەناوری و زانستیی شوکری، زەینەدین و گرووپی فەناوەری و زانستی شێخ بەهایی" تەحریم کراون.

لە پێوەندییەدا "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە سەفەری خۆیدا بۆ ڕۆژئاوی ئاسیا جەختی کردووەتەوە کە ئامریکا گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران زیاتر دەکات.

ئەو کاربەدەستە پلەبەرزەی ئامریکا گوتوویەتی: ''ئێمە کاربەدەستانی سپای پاسدارانمان شناسایی کردووە، چەندین گرووپی تێرۆریستی کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لێوە دەکات خستوومانەتە لیستەی تێرۆرەوە و ئامریکا بە جیددی دژی هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا کار دەکات".

ئامریکا بۆ گوشار‌هێنان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بەردەوامە و هەموو ڕێگایەک دەگرێتە بەر.