کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا گەمارۆوە ئابوورییەکان دژی ڕێژیمی ئێران پەسەند دەکات

13:15 - 12 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، مانگی گەلاوێژی داهاتوو، گەمارۆوە ئابوورییەکانی دژی ڕێژیمی ئێران، کە بەشی نەوتیش دەگرێتەوە پەسەند دەکات.

وەزارەتی دەروەی ئامریکا بڵاوی کردووەتەوە، ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، ئەو وڵاتە یەکەمین بەستەی گەمارۆوە ئابوورییەکانی خۆی دژی ڕێژیمی ئێران پەسەند دەکات، کە بەشی نەوتیش لە خۆ دەگرێت.

"بڕایان هووک"، ڕاوێژکاری سیاسەتدانەری وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی: لە بەرەبەری پەسەندکردنەوەی گەمارۆوە ئابوورییەکان دژی ڕێژیمی ئێران، هەتا ئێستا ٥٠ وڵات بڕیاریان داوە، کە چالاکییەکانیان لە ئێراندا ڕابگرن.

هووک ڕایگەیاندووە، کە یەکەمین بەستەی گەمارۆوە ئابوورییەکان مانگی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت.

هاوکات مانگی خەزڵوەری ئەمساڵیش گەمارۆوە ئابوورییەکان لەسەر نەوت دژی ڕێژیمی ئێران جێبەجێ دەکرێت.

لەو پێوەندییەدا، ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاند، کە مەلک سەلمان پاشای عەرەبستان بە هۆی ئەوەی کە نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان زۆر بەرز بووەتەوە و هەروەها نەبوونی نەوتی ئێران لە بازاڕەکان قەرەبوو بکرێتەوە، ڕازی بووە کە بەرهەمهێنانی نەوتی ئەم وڵاتە هەتا ئاستی ٢ میلیۆن بەرمیل بگات.

"مایک پۆمپێئۆ" سەرەڕای ئەوەی که ١٢ مەرجی بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دیاری کردووە و جەختی کردووەتەوە، کە ئەو ڕێژیمە لەگەڵ توندترین گەمارۆوە ئابوورییەکان لە مێژوودا بەرەوڕوو دەبێتەوە.

ئەو بەرپرسەی ئامریکا هەروەها ڕایگەیاندووە، کە هەتا ئەو کاتەی گۆڕانێکی بەرچاو لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێراندا بەدی نەکرێت، گەمارۆوە ئابوورییەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە.