کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا گەمارۆکانی سەر سووریەی بردە بواری جێبەجێ کردنەوە

18:46 - 28 جۆزەردان 2720

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاند کە ئامریکا گەمارۆی لەسەر ٣٩ کەس و ناوەندی سووری، لەوانە سەرکۆماری سووریە و هاوسەرەکەی داناوە.

"مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، باسی لە گەمارۆدانان لەسەر ٣٩ کەس و ناوەندی سووری، لەوانە "بەشار ئەسەد" سەرکۆماری سووریە و هاوسەرەکەی بەپێی یاسای "قەیسەر" داناوە.

"پۆمپێئۆ" هەروەها وتوویەتی کە تا کاتێک کە دەوڵەتی سووریە و بەشار ئەسەد بە ڕێکارێکی سیاسی بگەن درێژە بە گەمارۆگەلێکی لەوە توندتریش دەدەن.

ناوبراو وتوویەتی، ئەو کەسانەی کە گەمارۆ لە دژیان پەسند کراوە، لە پێناو گوشاری ئابووری و سیاسی بۆ سەر ڕێژیمی سووریەیە.

هەروەها ئامریکا خەریکی تاوتوێکردنی گەمارۆگەلێکی گەورەتر دژ بە دەوڵەتی سووریەیە و مادامێک دەوڵەت شەڕی خۆی لەگەڵ خەڵکی سووریە ڕانەگرێت ئەم بابەتەش درێژەی دەبێت.

یاسای "قەیسەر" یان "سزار" گەمارۆگەلێکی ئابووریی توند بۆ لێپێچینەوەی "بەشار ئەسەد" و پشتیوانە دەرەکییەکانی بەهۆی هەوڵەکانیەوە لەسەر دادەنێت.

"کێلی کرێفت" نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شورای تەناهیی وتووە کە ئامانجی ئەو گەمارۆیانە پێشگرتن بە وەدەستهێنانی داهات و پشتیوانییەکە کە دەوڵەتی سووریە کەڵکی لێ وەردەگرێت.