کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا گەمارۆی خستە سەر دوو بەرپرسی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران

11:28 - 25 سەرماوەز 2720

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەز، بۆ یەکەمجار ڕفاندنی ''ڕابێرت لوینسۆن'' شارۆمەندی ئامریکایی پشتڕاست کردەوە کە چەندین ساڵ لەمەوپێش لە ئێران بێسەروشوێن ببوو، هەروەها دوو بەرپرسی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانی گەمارۆ دا.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ئەم دوو بەرپرسە ئیتلاعاتییەی ڕێژیمی ئێرانی بە ناوەکانی ''محەممەد باسری و ئەحمەد خەزایی'' بە بەرپرسی ''ڕفاندن، زیندانیکردن و ئەگەری مەرگی'' ''ڕابێرت لوینسۆن'' ناساندووە و گەمارۆی لەسەر داناوە.

''مایک پۆمپێئۆ'' وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە: ''ئامریکا گەمارۆگەلێکی خستووەتە سەر ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی ئیتلاعات و ئەمنییەتی ڕێژیمی ئێران کە لە ڕفاندن، زیندانیکردن و ئەگەری مەرگی ڕابێرت لوینسۆن دەستیان هەبووە؛ ئێمە لە بەدواداچوونی ئەو کەسانەی کە لە بێسەروشوێنبوونی لوینسۆن دەستیان هەبووە، نەرمی نانوێنین".

''ڕابێرت لوینسۆن'' یەکێک لە مەئمورانی بەرنگاری لەگەڵ مادە سڕکەرەکانی ئامریکا لە ئیدارەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵ بوو کە لە مانگی ڕەشەمەی ١٣٨٥ی هەتاوی لە دوورگەی کیش لە باشووری ئێران بێسەروشوێن بوو.

ساڵی ٢٠١٧ بنەماڵەی ''لوینسۆن'' لە دادگای بەرزی فیدراڵ سکاڵایان دژی ئێران تۆمار کرد.

هەوڵدەریی ''ئاسۆشیتدپرێس'' لە مانگی نوامبری ساڵی ٢٠١٩ چەندین بەڵگەی خستەڕوو کە نیشان دەدات کە دادسەرای گشتی و ئینقلابی تاران لە حاڵی تاوتوێکردنی دۆسیەی ''لوینسۆن'' بووە.