کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا گەمارۆی خستە سەر سێ کەسی ئێرانی

13:31 - 26 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: دادستانیی فێدێراڵی ئامریکا، بەهۆی پێشێلکردنی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران، گەمارۆی خستە سەر سێ کەسی ئێرانی.

دادستانیی فێدێراڵی ئامریکا، لە ناوچەی "مەنهەتەنـ"ـی نیۆیۆرک، بە تۆمەتی هەناردەکردنی نایاسایی چەند تۆن "فیبری کەربۆن" بۆ ئێران، گەمارۆی خستە سەر سێ کەسی ئێرانی.

تۆڕی "ئێن بی سی" ڕایگەیاندووە کە فیبری کەربۆن، توانایی بەکارهێنان لە پیشەی مووشەکە بالستیکییەکان و هەروەها سانتریفیووژی پیتاندنی ئورانیۆمی هەیە.

"جێفری سێر بێرمەن"، دادستانی فێدێراڵی ناوچەی باشووری نیۆیۆرک، ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی پووشپەڕ، پاش ڕادەستکردنی "بێهزاد پوورقەناد"، هاووڵاتیی ئێرانی لە ئاڵمانەوە بۆ ئامریکا، ئەو تۆمەتانەی ڕاگەیاند.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، دوو تاوانبارەکەی دیکەی ئەو دۆسیەیە، واتا "عەلیڕەزا شەکەری" و "فەرزین فەریدمەنش"، هەڵاتوون و تا ئێستا نەگیراون.

دادستانی فێدێراڵی ناوچەی مەنهەتەن ڕایگەیاندووە کە ئەو سێ کەسە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٣، لە ڕێگەی دەڵاڵێکی ئامریکاییەوە، چەند تۆن "فیبری کەربۆنـ"ـیان لە ڕێگای وڵاتێکی سێهەمەوە هەناردەی ئێران کردووە و پێکهاتەی ئەو بارەیان لە بەڵگە هەناردەییەکاندا بە "ئەکرێلیک" ڕاگەیاندووە.

لەو سکاڵایەدا دیاری نەکراوە کە تاوانبارەکان چ ڕێژەیەک لە فیبری کەربۆنیان هەناردەی ئێران کردووە، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە "عەلیڕەزا شەکەری"، یەکێک لە تاوانبارەکانی ئەو دۆسیەیە، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٧ و سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٠٨ی زایینیدا، لە ڕێگای کۆمپانیایەک لە تورکیەدا، بە سەرکەوتوویی توانیویەتی باری فیبری کەربۆن لە ئامریکا بکڕێت و لە ڕێگەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییەوە بۆ ئێرانی بنێرێت.