کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا گەمارۆی خستە سەر سێ ئەندامی حیزبوڵڵا

12:50 - 19 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، گەمارۆی خستە سەر سێ کەسی لوبنانیی گرێدراو بە حیزبوڵڵاوە کە ئەندامی پارلمانی لوبنانن.

ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی پووشپەڕ، وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە کە سێ کەسی لوبنانیی بە ناوەکانی: "محەممەد حەسەن ڕەعد، وەفیق سەفا و ئەمین شەڕیـ"ـی، بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان، خستووەتە لیستی گەمارۆکانی دژ بە تێرۆریزمەوە.

بەپێی ئەو بەیاننامەیە، "ئەمین شەڕی"، دامەزراوە ماڵییەکانی بۆ یارمەتیگەیاندن بە حیزبوڵڵا خستووەتە ژێر گوشارەوە و بە شێوەی ئاشکرا، لەگەڵ "قاسم سڵێمانی"، فەرماندەی لقی قودسی دەرەوەی سنووری سپای تێرۆریستی پاسداران، پەیوەندیی هەبووە.

وەزارەتی خەزێنەداری لەو بەیاننامەیەدا ڕایگەیاندووە کە دەفتەری کاروباری دارایی دەرەوەی ئەو وەزارەتخانەیە بە ناوی "ئۆفێک"، لە ڕاستای ئەو بڕیارە ئیجراییەی کە تێرۆریستەکان دەکاتە ئامانج، گەمارۆ دەخاتە سەر ئەو کەسە گرینگە سیاسی و ئەمنییەتییانەی حیزبوڵڵای لوبنان، بەهۆی جێگە و پێگەیەک کە بۆ ئاسانکاریی هەوڵە تێکدەرانەکانی حیزبوڵڵا و ئەمرەکانی ڕێژیمی ئێران هەیانە.

هەروەها لەو بەیاننامەیەدا باس لەوە کراوە کە حیزبوڵڵا لە هێزەکانی خۆی لە پارلمانی لوبناندا، بۆ دەستێوەردانی ناوەندەکان، بە مەبەستی پاڵپشتی لە کردەوە تێرۆریستییەکانی خۆیان کەڵک وەردەگرێت.

پاش بڵاوکردنەوەی ئەو بەیاننامەیە لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکاوە، ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی پووشپەڕ، "مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، لە تویتێکدا لە لاپەڕەی کەسیی خۆی لە تویتێر نووسیبووی: "ئەمڕۆ لە درێژەی هەوڵەکانی ئامریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کاریگەرییەکانی گەندەڵییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان، گەمارۆ خرایە سەر بەرپرسانی باڵای حیزبوڵڵا. ئێمە داوا لە هاوپەیمانانمان دەکەین کە حیزبوڵڵا بە شێوەی گشتی وەک سازمانێکی تێرۆریستی بناسێنن".