کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا گەمارۆی نوێ بەسەر ڕێژیمی ئێراندا دەسەپێنێت

11:38 - 2 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ئامریکا بە هۆی ئەرزی دیجیتاڵ گەمارۆی نوێ بۆ ڕێژیمی ئێران دیاری دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "کوین دیسک"، یاسادانەرانی ئامریکایی، لەم مانگەی دواییدا هۆشدارییان بە دەوڵەتی ئامریکا داوە، کە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە وەکوو دەوڵەتی وێنزوئێلا، بە خستنەڕووی ئەرزێکی کۆددار، گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا لەسەر ئەم وڵاتە دەور لێ ‌بداتەوە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی خستنەڕووی ئەم ئەرزە دیجیتاڵییە لە لایەن ئێرانەوە، کۆنگرەی دەوڵەتی ئامریکا پێداچوونەوە بە پێشنووسی یاسایەکی نوێ لەم حەوتوویەدا دەکات، کە ئامانجی دانانی گەمارۆی توندتر لەسەر ئێرانە.

مایک گالاگێر، سێناتۆری ئیالەتی ڤیسکانس، لە بارەی ئەم پێشنووسەوە وتوویەتی: لەم پێشنووسەدا داوا کراوە، کە پێشگیریی لە دابینکردنی داراییی نایاساییی ڕێژیمی ئێران بگیردرێت.

لەم پێشنووسەدا پێشنیار کراوە، کە گەمارۆ بخرێتە سەر کەسانێک  کە بەئەنقەست کەلوپەلی فەنی یان بە دابینکردنی پارە هەوڵ دەدەن لە ڕاستای دروستکردنی ئەم ئەرزە دیجیتاڵییە کەڵکی لێ وەربگیردرێت.

پێشتر ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو، کە دەیانەوێت ئەرزێکی دیجیتاڵی بخەنە ڕوو کە دەرفەتی ئەوەیان پێ دەدات گەمارۆوەکانی ئامریکا دەور لێ بدەن.

مایک گلاگەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاندبوو: "هاتنە دەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، تەنیا هەنگاوی یەکەم بووە بۆ زیادکردنی گوشارەکان لەسەر ڕێژیمی ئێران... ئێستە لە هەوڵدان گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بە بەرزترین ئاستی بگەیەنن کە چیدیکە ڕێژیمی ئێران نەتوانێت تێرۆر و توندوتیژیی لە وڵاتانی دیکەدا بڵاو بکاتەوە".

 ئامریکا لەم مانگەدا گەمارۆی خستووەتە سەر ژمارەیەک لە هەکێرەکانی ڕێژیمی ئێران، کە لەگەڵ ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئێراندا هاوکارییان کردووە.