کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا گەمارۆی نوێی بەسەر چەندین کەس و شیرکەتی پەیوەندیدار لەگەڵ سپای پاسداراندا سەپاند

13:21 - 8 خاکەلێوه 2720

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ڕاستای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تێرۆریزم، ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی خاکەلێوە، گەمارۆی نوێی بەسەر چەندین کەس و شیرکەتی پەیوەندار لەگەڵ سپای تێرۆریستی پاسداران کە لە عێراقدا جێگر کراون، سەپاند.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ١٥ کەسایەتیی حەقیقی و پێنج شیرکەتی بازرگانی، گەمارۆیان خراوەتە سەر.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، ئەو کەسایەتی و شیرکەتانەی کە سزایان خراوەتە سەر، لە بوارەکانی کەشتیڕانی، کڕین و فرۆشتن، ساخت و پاختی مەوادی کیمیایی چالاکی دەکەن.  

لەو لیستەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکادا، ١١ شارۆمەندی ئێرانی، ٤ شارۆمەندی عێراقی، شیرکەتی هاوبەشی ''متاجر مدائێن''، ''شیرکەتی سامان شیمیی خاوەرمیانە''، ''ستادی بازسازیی عەتەباتی عالیات''، شیرکەتی ''بێهجەت ئەلکەوثەر'' و ''شیرکەتی گواستنەوەی دەریای ئەلخمائێل'' جێیان گەرتووە.

''حەسەن پلارک'' و ''محەممەد جەلال ماب''، بەرپرسانی پێشوو و ئێستای ستادی بازسازیی عەتەباتی عالیاتن کە تێرۆریست قاسم سلێمانی ئەو بەرپرسیاریەتییەی پێ دابوون، لەو دوو کەسانەن کە تەحریم کراون. 

بە وتەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ئەم کەسانە و شیرکەتانە لەگەڵ سپای تێرۆریستی پاسداران لە پەیوەندیدا بوونە و چەکوچوڵیان ڕادەستی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق وەکوو ''کەتائێبولحیزبوڵڵا'' و ''عەسائێبی ئەهلی حەق'' کردووە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئامریکا لە کۆتایی ساڵی ٩٨دا، ٥ شیرکەتی لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بە تۆمەتی کڕینی نەوتی ئێران سزا دا.